٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتی : نەوشیروان مستەفا هەمیشە پیلان و بوختان

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی -  KDP.info/  لە راگەیاندراوێکی دەزگای راگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا کە دانەیەکی نیردراوە بۆ ماڵپەڕی    ، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەڵامی نەوشیراون مستەفا دەداتەوە، کە پێیان وایە ناوبراو بوخات دەکات. ئەمەس دەقی رواگەیندراوەکەیە: نەوشیروان مستەفای رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە بڵاوكردنەوەی زنجیرە وتارێك كردووە، كە بە حسابی خۆی دیكۆمێنتارییەو گوایە نهێنی كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی و كۆمەڵێك باسی تر لەخۆ دەگرێت، ئێوارەی ئەمڕۆش لە كەناڵەكانی خۆیدا چەند پەرەگرافێكی لێ بڵاوكراوەتەوە.

 ئێمە وەك دەسپێكێك بۆ ئاشكراكردنی ناڕاستیەكانی و ناساندنی رەفتاری پیلانگێڕانەی نەوشیروان لەناوخۆی یەكێتی و قین هەڵگرتنی لە هەڤاڵانی ئەوسای و سیاسەتی خۆباڵادەستكردن و خۆزاڵكردنی لەسەر حسابی یەكێتی و هەڤاڵانی ئەوساشی، ئەم بۆچوونانەی خوارەوە بڵاو دەكەینەوە، كە دواتریش، ئەگەر پێویستی كرد، قسەو بەڵگەی زۆرتر سەبارەت بەناساندنی روونتر و بەڵگەدارتری سیاسەت و پیلان و باری سایكۆلۆژی نەوشیروان مستەفا ئاشكرا دەكەین

*  *  *

ئەگەر ئەو دۆكیۆمێنتانەی بڵاویان دەكاتەوە هی ئەو سەردەمەبن كە نەوشیروان مستەفا و هێندێ لە هاوڕێبازانی لە پۆست و پلەی باڵای یەكێتی دابوون، بەتایبەتی دەفتەری مەكتەبی سیاسی و بەڵگەنامەی نهێنی یەكێتی بەكار بێنێ، ئەوا ئەمە نەك هەر بە رەفتارێكی ناشایستەو ناشیرین حساب دەكرێت، بەڵكو كارێكە لەگەڵ ئەخلاق و دەستپاكی سیاسی و بگرە كۆمەڵایەتیشدا یەك ناگرێتەوەو تەواو ناكۆكە، بۆیە گومانی تیا نیە هەر كەسێك بیكا بە تەواوی لەو پرنسیپانە دائەشۆرێ. ئۆباڵی لێكەوتەكانی ئەو رەفتارەش دەكەوێتە ئەستۆی خودی نەوشیروان مستەفا.

خۆ ئەگەر ئەو دۆكیۆمێنتانە هی قۆناخی دوای جیابوونەوەی نەوشیروان بێت لە یەكێتی، دیسانەوە دەچێتە چوارچێوەی جاسوسی كردن بەسەر حزبەكان و ئەمەش پێچەوانەی یاسایە و كاردانەوەو لێكەوتەی خۆی دەبێ.

نەوشیروان مستەفا، ئەو سەردەمەش كە لە ناو یەكیێتیدا پۆستی باڵای هەبوو، هەموو هاوپەیمانی و دۆستایەتیێكی لەگەڵ دەرەوەی یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكانی خۆی لەناو یەكیێتی و لێدانی ئەو سەركردانە بەكار دەهێنا كە لەگەڵ رای ئەودا نەبوون و بە دڵ و خواستی ئەو هەڵنەدەسوڕان. هەر بۆنموونە كاتێ كە بڕیاری یەكخستنەوەی حكومەتی هەرێم درا، نەوشیروان تەنها لەپێناوی ئەوەی هەڤاڵێكی ئەوسای لەناو یەكیێتیدا نەبێتە سەرۆكی حكومەتی یەكگرتووی هەرێم، پێداگری زۆری كرد لەسەر ئەوەی كە ئەو پۆستە بدرێتە سەركردەیەكی پارتی. هەروا ئەو كاتەی لەبەغداشدا تا رادەیەكی كاریگەر بڕیاربەدەستی یەكێتی بوو، لایەنگری ئەوەی نەكرد كە كەسایەتییەكانی یەكیێتی ببنە وەزیری بەرگری و دەرەوەی عیراق، بەڵام زۆر پەرۆشی ئەوە بوو محمد تۆفیق رەحیمی زاوای ببێتە وەزیرو هەرواشی كردو دووجار زاواكەی كردە وەزیری پیشەسازی عیراق.

دواجار دەڵێین، ئەگەر نەوشیروان مستەفا ململانێكە بباتە ئەو ئاستە و بەو بێ پەرواییە سنوورەكانی ئەخلاقی سیاسی ببەزێنێ، دەبێ چاوەڕوانی ئاشكراكردنی دۆكیۆمێنتە رەشەكانی خۆی بكا كە دڵنیاین تاكو ئێستا لای بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان ئاشكرا نین.

بۆیە لەكۆتاییدا دەڵێین: نەوشیروان مستەفا بەهۆی دۆخی خراپی سایكۆلۆژی ئێستای خۆی و بێ ئومێد بوون و مایە پووچبوونی لە ئایندە سیاسییەكەی، خۆی فڕێ دەداتە ناو چوارگۆشەیەكی ئەوتۆ كە بەهاو شەرعییەتی خۆی دەدۆڕێنی.

 بۆ مێژووش ئەمڕۆ یەكێتی بیروبۆچوونی خۆی لەم بارەیەوە گەیاندۆتە نەوشیروان مستەفا.

 

مەكتەبی راگەیاندنی

یەكیێتی نیشتمانی كوردستان

7/7/2013

 

هەواڵی پەیوەندیدار