پۆلیسی هەولێر كەسێك بە تۆمەتی كوشتنی دوو كەس و 600 حاڵەتی دزیكردن دەستگیر دەكات

هەولێر-KDP.info / بەشی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی كوشتن كە سەر بە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێرە، دوای چاودێری و بەدواداچوونێكی ورد، كەسێكیان بە ناوی (هـ.ع.ح) دەستگیر كرد كە تۆمەتبار بوو بە كوشتنی 2 دوو كەس و 600 حاڵەتی دزیكردن.
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رائید كاروان عەبدولكەریم، رایگەیاند كە دوای ئەوەی لە رۆژی 28/4/2013 حاڵەتێكی كوشتن لە پیشەسازیی باشوور لە هەولێر تۆمار كرا، هێزەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان پاش لێكۆڵینەوەی ورد لە حاڵەتەكە، توانییان كەسێك دەستگیر بكەن كە دانی بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە و حاڵەتێكی دیكەی كوشتندا ناوە.
رائید كاروان عەبدولكەریم هەروەها ئاماژەی دا كە جگە لەو تاوانانەش، تاوانباری ناوبراو ئەوەشی دركاندووە كە پتر لە 600 دزیی لە هەولێر و دەوروبەریدا ئەنجام داوە، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوە خراوەتە بەردەم دادوەر و بڕیار دراوە بە بەندكردنی تاوانبار بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزادان.
گوتیشی: وێڕای ئەوەی زۆربەی كەلوپەلەكان لەلایەن پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و بۆ خاوەنەكانیان دەگەڕێندرێنەوە، تا ئێستاش لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تاوانبارەدا بەردەوامە و دۆسیەی تایبەتی بۆ كراوەتەوە.




