عه‌لاوی : مانگى داهاتوو پرسى سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه له مالیكى یه‌كلا ده‌بێته‌وه

ئه‌یاد عه‌للاوى سه‌رۆكى ئیئتیلافى عێراقییه له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى راى كوه‌یتى، حكوومه‌تى ئێستاى عێراق كه نورى مالیكى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه نه‌یتوانیوه رۆڵى باش و ئه‌رێنى له دروستكردنى په‌یوه‌ندییه راسته‌قینه‌ى نێوان عێراق و كوه‌یت ببینێت و هه‌روه‌ها عه‌للاوى داواى له كویت كرد كه زیاتر كراوه بێت و له قۆناغى تازه‌ى عێراقیش بگات.
سه‌رۆكى عێراقییه گوتیشى: پێویسته كوه‌یت په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق له سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتنى سه‌روه‌رى و به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش بێت و ده‌ست له كاروبارى یه‌كتریش وه‌رنه‌دان.
عه‌للاوى جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه، كه ئه‌مرۆ عێراق وڵاتێكى گرنگ و سه‌ره‌كییه له ناوچه‌كه و رۆڵى گه‌وره‌شى له پاراستنى ئاسایى و سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌دا ده‌گێرێ و ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، عێراق وڵاتێكى ئاشتخواز و به‌هێز و دیموكراتییه و په‌یوه‌ندییه‌كى دۆستانه‌شى له‌گه‌ل وڵاتانى دراوسێیه‌كانیدا هه‌یه كه له سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى و رێزگرتنى سه‌روه‌ردى بونیادى ناوه.
سه‌باره‌ت به پرسى سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه له مالیكى ئه‌وه عه‌للاوى وا پێشبینى كرد، كه له ماوه‌ى مانگى داهاتوو پرسى سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه له مالیكى یه‌كلایى ده‌بێته‌وه و رایگه‌یاند: ئێستا هه‌موو ئاماده‌كارى بۆ لێپرسنه‌وه له مالیكى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ستى پێكردووه و هه‌روه‌ها عه‌للاوى، مالیكى به گرتنه ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌كى تاكڕه‌ویى و پێشێلكردنى یاسا ده‌ستوورى و مافه‌كانى مرۆڤ تۆمه‌تبار كرد و روونى كرده‌وه، هیچ كاتێك مالیكى هه‌ستى به به‌رپرسیاریه‌تى په‌یوه‌ست به شه‌راكه‌تى نیشتیمانى نه‌كردووه و بۆیه داواى كرد، هه‌ر چى زووه متمانه له مالیكى بسه‌ندرێته‌وه.




