٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سبەى شەممە پەرلەمانى عێراق كۆبوونەوەكانى دەست پێ دەكاتەوە

سەرچاوە: AK News

بڕیارە سبەى شەممە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق یەكەم كۆبوونەوەى وەرزی یاسادانى یەكەم بۆ ساڵی سێیەمی یاسادانان بەدەنگدان لەسەر 6 پڕۆژەیاسا و یەك بڕیار و دانانى ئەندامێكی دەستەى داد و لێپرسینەوە دەست پێ بكاتەوە.

د.سەعید رەسوول خۆشناو ئەندامی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانى لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: دواى ئەوەى پەرلەمان پشووی وەرزى بەكۆتا هات، بڕیارە سبەى شەممە 23/6/2012 یەكەم دانیشتنى وەرزی یاسادانانى یەكەم لە ساڵی سێیەمی یاسادانان بەتاوتوێكردنی چەند پڕۆژەیاسایەك دەست پێ بكاتەوە.

گوتیشى، كارنامەكە برێتییە لە دەنگدان لەسەر 6 پڕۆژەیاسا، یەك بڕیار و دانانى كامەران رەسوول قادر بەئەندامى دەستەی داد و لێپرسینەوە.

هەروەها گوتى، پەرلەمان دەنگ لەسەر دانانى كامەران رەسوول قادر دەدا وەك ئەندامى دەستەى داد و لێپرسینەوە لە جێگەى حوسام عەبدولەتیف جاسم نەریمان، هەروەها دەنگ لەسەر بڕیارى داوكاریی پەنابەرە عێراقییەكان كە بەخورتى لە وڵاتانى ئەوروپایی دوور دەخرێنەوە، لەگەڵ دەنگدان لەسەر هەمواركردنى چوارەمى یاساى ژمارە 22ى كۆمپانیا گشتییەكانى ساڵی 1997.

خۆشناو ئاماژەی بەوەشدا كە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای وەزارەتى ئافرەت و كاروبارى خێزانى و پڕۆژەیاسای تۆوی بستەى كێڵگە و وێنەى پوول و پڕۆژەیاساكانى دادگەى فیدراڵی و ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری دەدا.

جێگای باسە بڕیار بوو پەرلەمانى عێراق 14 ئەم مانگە كۆ بێتەوە، بەڵام بەهۆى رێوڕەسمی سەردانى ئیمام كازم دانیشتنەكە بۆ 21ى هەمان مانگ دوا خر، دواتر بەهۆى لادانى بەربەستە كۆنكریتییەكان لەلایەن حكوومەتى عێراقەوە فەرمانبەرانى ناو تەلاری پەرلەمان مانگرتنیان راگەیاند بەناچارى دانیشتنەكانى پەرلەمان بۆ سبەى رۆژی شەممە دوا خرا، دوێنێش حكوومەت هەموو بەربەستەكانى لە جێگەى خۆی دانایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار