گیراوێكی كورد چوار ساڵە بێ دادگایی كردن لە گرتووخانەدایە

ئیلامKDP.info- / گوشارەكانی رژیمی ئێران بۆ سەر هاووڵاتییە كوردەكان رۆژ بە رۆژ روویان لە زیاد بوون كردووە هاووڵاتییە كوردەكانیش بۆ گەیاندنی داواكارییەكانی خۆیان بە بەرپرسانی باڵای ئێران بە دوای رێگا چارەدا دەگەڕن.
ئاژانسی ئین ئین ئیس رۆژ بڵاویكردەوە كە بازنەی گوشارەكانی رژیمی ئێران بۆ سەر چالاكڤانە كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر بەرفراوانتر بووە و چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەكان و یاساكانی ئێرانیشی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 4 ساڵە كە چالاكڤانێكی سیاسی كورد لە شاری ئیلام بەبێ ئەوەی لە لایەن دادگایەوە دادگایی بكرێت بە بریاری وەزارەتی ئیتلاعات زیندانی كراوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە كەسوكاری ئەم گیراوە كوردە چەندین جار سەردانی دادگا و بەرپرسانی باڵای ئێرانیان كردووە بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبوونە هاوكارییان بكەن.
مستەفا سەیدی ئەو هاووڵاتییە كوردەی دانیشتووی شاری ئیلامە كە بەر لە چوار ساڵ لە لایەن ئیتلاعاتەوە بە تاوانی هاوكاری كردنی لەگەڵ كاناڵێكی ئاسمانی كوردیدا دەستگیر كراوە و بەبێ دادگایی كردن ماوەی زیاتر لە 4 ساڵە لە گرتووخانەی شاری ئیلامدایە و دادگایش ئاگای لە دوسیەكەی نییە.




