ئەحمەد عاسی جەربا بە سەرۆكی ئیئتلافی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هەڵبژێررا

توركیا-KDP.info/ لە ئیستەنبوڵ سەرلەبەیانی رۆژی شەممە ئەحمەد عاسی جەربا بە سەرۆكی ئیئتلافی نیشتمانی هێزەكانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سووریا هەڵبژێررا پاش ئەوەی بە هۆی ناكۆكی و مشتومڕی زۆری دوو رۆژی رابوردووی كۆبوونەوەكانی ئیئتلافی ناوبراو چەند جارێك پرۆسەی دەنگدانەكە دووبارە كرایەوە. هاوكات سەرچاوەیەك لە ئیئتلافی ناوبراو رایگەیاند كە فارووق تەیفوور نوینەری ئیخوان موسلمین پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئیئتلافی دەستەبەر كرد لەكاتێكدا پۆستی جێگری دووەم بەر خاتوو سوهێر ئەتاسی كەوت كە بە تەزكییە لە پۆستەكەی مایەوە. هاوكات خاتوو ئەنەس عەبدە بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێرراو شوێنی مستەفا سەباغی گرتەوە. هەڵبژاردنی ئەحمەد جەربا كە سەرۆكی خێڵی شەمەرە لە سووریا دوای دووبارە كردنەوەی دەنگدانەكە هات پاش ئەوەی هەموو كاندیدكراوەكان نەیانتوانی پەنجاو هەشت دەنگی پێویست دەستەبەر بكەن تا ببنە سەرۆكی ئیئتلافەكە.




