میسر.. لە شاری عەریش قەشە (عەبود شاروین) كوژرا

میسر –KDP.info/ چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی میسر رایانگەیاند كە لە ناوچەی مەساعید لە شاری عەریش چەند چەكدارێك بە سواری مۆتۆڕسكل تەقەیان لە قەشە عەبوود شاروین كردو دەست بەجێ گیانی لە دەست دا. لەكاتێكدا ژمارەیەكی چەكداری دیكە هێرشیان كردە سەر چەند خاڵێكی سوپای میسر لە ناوچەی مەحاجرو سەفا لەرەفەح و شێخ زوەیدو خەرووبە . لەرووی سیاسیشەوە عەدلی مەنسوور سەرۆكی كاتی میسر لەگەلأ عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری و محەمەد ئیبراهیم وەزیری ناوخۆ و محەمەد ئەحمەد فەرید بەڕێوەبەری هەواڵگریدا كۆبووەوە بە مەبەستی تاوتوێ كردنی پێكێنانی حكوومەت و جێبەجێكردی نەخشەی رێگەو پێكهێنانی لیژنەی ئاشتەوایی نیشتمانی و پێداچوونەوەی دەستوور. هاوكات لەگەلأ محەمەد بەرادعی و نوێنەرانی بزووتنەوەی یاخیگەری و نوێنەرانی پارتی نوورو میسری بەهێزو مەمدووح شاهین راوێژكاری وەزیری بەرگریدا كۆبوەوە. لە رووی مەیدانیشەوە باری گرژی باڵی بەسەر گۆڕەپانە سەرەكییەكانی قاهیرەدا كێشایەوە پاش ئەو شەڕوپێكدادانانەی لە نێوان لایەنگران و نەیارانی محەمەد مورسی سەرۆكی لەسەركار لادراودا رووی داو لە ئاكامدا سی و شەش كەس كوژران و بە دەیان كەسی دیكەیش برینداربوون. لەو چوارچێوەدا لایەنگرانی مورسی شەقامی سەلاح سالمیان داخست و لیژنە میللییەكانیان لەو شوێنانەدا بڵاوكردووە لە كاتێكدا بزووتنەوەی یاخیگەری داوای كرد خەڵكی لە گۆڕەپانەكان گردببنەوە بۆ بەرگری كردن لە دەستكەوتەكانی ئەم دواییەی شۆڕشی سیی حوزەیران. هاوكات لایەنگرانی بڕیاری سوپا بە لادانی محەمەد مورسی لە سەرۆكایەتی میسر لە مانگرتن لە گۆڕەپانی رزگاری بەردەوام بوون ئەویش لە وەڵامی مانگرتنی لایەنگرانی مورسی لە شاری نەسرو جیزە. لە شاری ئیسكەندەرییەیش هێزە ئەمنییەكان حەفتاو شەش كەسیان دەستگیركرد بە تۆمەتی تێوەگلان لە كوشتنی حەڤدە كەس لەوانەی رۆژی هەینی لە رووداوەكانی شارەكەدا كوژران. لای خۆیەوە داواكاری گشتی عەبدولمەجید مەحموود داوای كرد لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلە لەبارەی تۆمەتباركردنی محەمەد مورسی سەرۆكی پێشوو و عیسام ئەلعوریان و سەعد كەتاتنی و چەند ئەندامێكی دیكەی گرووپی ئیخوان بكرێت لە فەرماندان بە كوشتنی خۆپیشاندەرانی ئۆپۆزسیۆن و ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی بۆ تۆقاندنی خەڵكی.




