پاركی گلكەندی دێرین بە گوژمەی 6ملیار دینار لە لایەن پارێزگای هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info/ دوا بەدوای چارەسەركردنی كێشەی یاسایی و كارگێری گرێبەستی باخچەی ئاژەلان لەناو پاركی گلكەند، كە ماوەیەكی زۆر بوو رێگربو لەبەردەم بەرنامەی نۆژەنكردنەوەو فراوانكردنی ئەو پاركەی هەولێر كە لەسالەكانی شەستەكانی سەدەی رابردوو دروستكرابوو، ئێسته ئەو پرۆژە گرنگە لەواری جێبەجێكردندایە بە گوژمەی نزیكەی 6ملیار دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا .
هەر بەمەبەستی ئاگاداربوونیش لە رەوشی بەرێوەچوونی كارەكان، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بەیاوەری عەلی رەشید سەرۆكی شارەوانی هەولێرو بەرێوەبەرانی ئاوی هەولێرو ئەندازەی پارك و باخچەكان و بەشی تەكنیكی و فەرمانگەی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لەشارەوانی هەولێر، سەردانی پاركی گلكەندیان كرد .
وێرای لە نزیكەوە ئاگاداربوونی لە چۆنیەتی بەرێوەچوونی كارەكان، پارێزگاری هەولێر جەختی كردەوە كە ئەم پاركەش كە رووبەرەكەی 75000مەتری دووجایە ئیزافەیەكی تازەیە دەخرێتە سەر ئەو رووبەرە سەوزاییەو ئەو پاركانەی ناو سەنتەری شار، كە كۆی رووبەرەكەیان وەكو منارەو شانەدەر 1و شانەدەر 2پتر لە 250000مەتری دووجایە و جوانترین بەشی سەوزایی ناو سەنتەر پێك دەهێنن و بریار وایە لە كۆتایی ئەمسالدا بكەوێتە واری خزمەتەوە .
هەروەها راشیگەیاند كە ئەو پاركە چەندین نافوورەو تاڤگەی ئاوی و باخچەو دارستان و شوێنی سەوزایی و خزمەتگوزاری و پاركینگی تێدا دروست دەكرێت لەوانەش نافوورەیەكی سەردەمانە كە لەسەر نزمی مۆزیك كاردەكات و، لەرێگەی بەرزە پردێكی پەرینەوەش و هێلی تەلەفریكیش بە پاركەكانی دەوروبەری دەبەسترێتەوە .




