٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەڵامێك بۆ بەرپرسەکەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی (ی.ن.ک)

سەرچاوە: KDP.info
عەبدولرەزاق شەریف بەپرسی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دیمانەیەکدا کە لە لە ژمارە ٣٨٤٠ی رۆژی ٢/٧/٢٠١٣ـى حەفتەنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە و رۆژی ٥/٧/٢٠١٣یش لە سایتی ئاوێنەدا بڵاو کراوەتەوە، لەبارەی درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆک بارزانی، کۆمەڵێک قسەی بێ بنەما و چەواشەکارانەی کردووە و بێ ئەوەی هەست بە هیچ بەرپرسیارێتییەک بکات قسەی بۆ سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەڵبەستووە و گوتوویەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خرابووە بەردەم سێ بژاردە، هەروەها تۆمەتی زۆر بێ شەرمانەی بۆ پارتی داتاشیوە کە گوایە پارتی هەڕەشەی گەڕانەوەی دوو ئیدارەیی کردووە. زۆریش نابەرپرسیارانە تۆمەت و بوختانی بێ بنەمای لە چەشنی سەرانی بزووتنەوەی گۆڕان و نەیارانی کوردستانی دووبارە کردۆتەوە.
ئێمە چاوەڕێمان دەکرد گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەسەر ئەو قسە بێ بنەمایانەی ناوبراو بێنە دەنگ و خۆیان وەڵامی درۆ و ناماقوڵییەکانی بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان بدەنەوە.
ئێمە نامانەوێ لە وەڵامدانەوەدا بچینە ئاستی نزمی ئەو، چونکە ئەو تۆمەتانەی ناوبراو دایتاشیون هەمان ئەو تۆمەتانەن کە نەیارە داخلەدڵەكانی یەکڕیزیی کورد و ڕێککەوتنی ستراتیژیی بەردەوام دەیڵێنەوە، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین ئەو جۆرە قسەكردنانە ئەوپەڕی چەواشەكاری و شێواندنی ڕاستییەكان دەگەیەنێت ئەویش لەپێناو خۆدەرخستن و لاساییكردنەوەی بێتامی چەواشەكارییەكانی ئەوانەیە کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی کوردستان هەڵنایەت، ئەگینا بۆ گشت لایەك ئاشكرایە كە سەرۆک بارزانی پێشتریش تەئکیدی کردۆتەوە کە نە داوای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی کردووە و نە داوای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیشی کردووە و هەمیشە ڕایگەیاندووە کە پیشمەرگایەتییەکەی خۆی بە هیچ پۆستێک ناگۆڕێتەوە. سەبارەت بە یاسای درێژ کردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمیش کە لە پەرلەمان دەرچووە تا ئێستا سەرۆک بارزانی لە ڕاوێژکردندایە لەگەڵ حزب و لایەنەکان.
بۆیە دەبوایە ناوبراو ڕێزی بۆ سیاسەتی ڕەسمیی حزبەكەی دانابا و هێندە نەكەوتبا ژێر كاریگەریی میدیای لایەنێك كە بێڕەحمانە کەوتۆتە هەوڵی تێکدانی وڵاتەکەمان.
سەرۆك بارزانی پێگەی جەماوەری و نێودەوڵەتی لای هەموو كەس و تەنانەت ناحەزانیشی دیارە و مێژوو و خەبات و پێشمەرگاییەتیی خۆی لەسەرووی هەموو پۆست و پلەیەك دەزانێت. گەلی كوردستان زۆر چاك دەزانێ لەو كاتەی كوردستان لە سایەی سەرۆكایەتیی بارزانی ڕۆژلەدوای ڕۆژ بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێ سیاسییە چەواشەكارەكانی كوردستان سەرقاڵی فیتنەگێڕی و بنكۆڵكردنی ئینتمای خەڵك و تێكدانی یەكڕیزیی هاووڵاتیانن. بۆیە باشترە عەبدواڵڕەزاق و هاوشێوەكانی چیتر فریوی هاشوهووشی چەواشەكاران نەخۆن و نەبنە ئامرازی دەستی ئەوان، مەگەر لەژێرەوە خۆی سەر بەولایەنە بێت کە پیشەی تەنیا فیتنەگێڕییە.
 
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن لە نووسینگەی سەرۆک بارزانی

هەواڵی پەیوەندیدار