سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو دەكات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 6ـی 7ـی 2013 لە سەڵاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕاشد ئەلمەنسووری كونسوڵی گشتیی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو لە هەولێر كرد.
لە دیدارێكدا كونسۆڵی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو سڵاوی شێخ خەلیفە بن زایدی سەرۆكی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتووی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و زۆر سپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و سەرسامی خۆیشی بۆ سرووشت و جوانیی كوردستان دەربڕی و ئاماژەشی بەوەدا كە ڕێژەی پێشكەوتن و بووژانەوە لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ زۆر لە وڵاتان خێراییەكی كەموێنەی هەیە. ڕاشد ئەلمەنسووری باسی ئەوەشی كرد كە ئەو سەقامگیرییەی لەسایەی سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی هاتووەتە ئاراوە ڕێگەخۆشكەر بووە بۆ بووژانەوەی ئابووری و بەرزبوونەوەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و، ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو پەرەی زیاتر بستێنێت.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سپاسی كونسۆڵی گشتیی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتووی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو نیشان دا و هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە توندوتۆڵتر ببن.
تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




