پەرلەمانتارێک: سەرەدانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ بڕیارە سبەی سەروکێ ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت: ئەم سەردانە گرنگی خۆی ھەیە و ئەگەر لەم خولەی پەرلەمانیش نەتوانن ھەموو کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام ئالیەتێک بۆ یەک لایی کردنەوەی کێشەکان دادەنرێت.
شوان محهمەد تەھا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بەkdp.infoراگەیاند: دەمێکە باس لە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەکرێت بۆ ئەوەی لە گەڵ حکوومەت و کوتلەکان باس لە قەیرانی سیاسی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بکات.
شوان محهمەد تەھا گوتیشی: لیژنە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکھاتوون، بەڵام بەھۆی سەرقاڵبوونی حکوومەت بە دەرچونی عێراق لەژێر بەندی حەوتەم و سەردانی نوری مالیکی بۆ روسیا رەنگە وەک پێویست کاری خۆیان نەکردبێت، بۆیە حکوومەت نیەتی چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی ھەیە، بەڵام پێویستی بەھەندێک ئالیەت و جێبەجێکردنی ھەندێک بڕیاری پێشینەی ھەیە.
ئەو پەرلەمانتارەی کورد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لەم خولەی پەرلەمانیش نەتوانرێ ھەموو کێشەکان چارەسەربکرێن، بەڵام دهتوانرێ ئالیەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دابنرێت.
ئەمڕۆ د.فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: بڕیارە سبەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی باسکردنی پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغدا و رەوشی عێراق و ناوچەکە سەردانی بەغدا بکات.




