٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غاز: مالیکی و جێگرەکەی بە زمانێک هەڕەشە لە کورد دەکەن هیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ زمانی سەدام

سەرچاوە: Rudaw

 بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق گرێبەستە نەوتییەکانی هەولێر بە یاسایی دەزانێت و دەڵێت ئەو گرێبەستانە بەپێی دەستووری عێراق پەسەند کراون.

قاسم محەممەد، بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق  رایگەیاند "گرێبەستە نەوتییەکانی هەولێر یاسایینە و دەستووری بنچینەیی عێراق ئەو دەرفەتەی به هەرێمەکانداوە تا گرێبەست واژۆ بکەن. کێشەی سەرەکی ئەویە لە عێراق تا ئێستا یاسای نەوت و غاز نییە و دڵنیام ئەگەر ئەو یاسایە پەسەند بکرێت ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن".

قاسم محەممەد سەبارەت به لێدوانەکانی نوری مالیکی و شارستانی رایگەیاند "چەند رۆژێکە نوری مالیکی سەرۆک وەزیری عێراق  و جێگرەکەی بە زمانێک هەڕەشە لە کورد دەکەن کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ زمانی رژێمی پێشوو نییە".

ناوبراو گوتیشی "ئەو شتەی کە جێی سەرسوڕمان و راوەستە لەسەرکردنە هەڕەشەکانی نوری مالیکییە کە گرێبەستە نەوتیەکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل به هۆکاری داگیرسانی شەڕ ناو دەبات. بەبڕوای من شەڕ تەنها لە سیستمێکی دیکتاتۆری شمولی دەوەشێتەوە و ئەو کەلتوور و زمانەی کە مالیکی و شارستانی پێی دەدوێن هەر ئەو زمانەی سەدام و رژیمی رووخاوی بەعسە کە شەڕی گەلی کورد و سەرجەم گەلانی ناو عێراقیان پێدەکرد".

بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند "ئەو گۆرانکارییەی کە لە عێراق و ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە جارێکی دی ئەو دەرفەتە نادات کە شەڕ رووبدات و بەبڕوای من تەنانەت لەناو حێزبەکەی مالیکیش کەس بیر لە شەڕێکی نوێ لەگەڵ کورد ناکاتەوە هەربۆیە مالیکی و شارستانی لەجیاتی ئەوەی هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان بدەن، باشترە هەوڵ بۆ ئەوە بدەن تا لەرێگای ئەو گرێبەستانەوە 15 میلیارد دۆلاری کورت هێنانی بودجەی 2012ی پێ پڕبکەنەوە".

بە گوتەی قاسم محەممەد، هەڵویستەکەی مالیکی و شارستانی بەدژی دانیشتووانی عێراقە "هەڵوێستەکانی مالیکی و شارستانی هەڵوێستێکی دوژمن کارانەیە کە لە دوارۆژدا بەسەریاندا دەشکێتەوە. داهاتی گرێبەستە نەوتییەکانی هەولێر بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە و سەرجەم خەڵکی عێراق لێی سودمەند دەبن و تەنها 17% بۆ هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت".

هەواڵی پەیوەندیدار