فەرهاد ئەتروشی: سوڕین لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی

فەرهاد ئەتروشی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستیی هاوپەیمانیی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان سورن لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی، ئەوەش ئاشكرادەكات كە سەرۆك وەزیران لە ناوچە جێ ناكۆكەكان چەند گروپێكی توندڕۆ لە دژی كورد هان دەدا
فەرهاد ئەتروشی ئەندامی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكیدا بۆ ئاكانیوز ڕایگەیاند، مالیكی دەیەوێت كێشەی سەندنەوەی متمانە لە خۆی دوور بخاتەوە بەهۆی هەڵدانەوەی چەند فایلێكی وەك نەوت، بەڵام ئێمە سورین لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە نوری مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشێوەیەكی دەستووری و یاسایی.
ئەتروشی دووپاتیشی كردەوە كە ئەو هەوڵانەی مالیكی دەیدا نیشانەی ئیفلاسبوونینیەتی.
"هەروەها گووتی: كارێكی مەترسیدارتر كە مالیكی دەیكا، كۆبوونەوەیەتی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی بەشێوەیەكی بەردەوام بۆ ڕاێكێشانیان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی ئەوەش كاریگەری خراپیی دەبێت لەسەر دۆخی عێراق"
ناوبراو ئەوەیشی خستە ڕوو، مالیكی لە ڕێگەی پارەوە كۆنتڕۆڵی ڕاگەیاندنی كردووە و هەوڵی شێواندنی كەسایەتیی نەیارەكانی دەدا، هەروەها لە ناوچە جێ ناكۆكەكان چەند گروپێكی توندڕۆ لە دژی كورد هان دەدا كە كاریگەری زۆر خراپیی دەبێ لە داهاتوودا.




