چەكەكانی قەرەقووڵەكەی لیجە كۆ كرانەوە

دیاربەكر- KDP.info/ دوای ئەوەی هەینی رابردوو ژمارەیەك دانیشتووی ناوچەی لیجە بە مەبەستی ئیدانە كردنی دامەزراندنی قەرەقووڵ و بنكەی نوێ سەربازی لە بەردەم یەكێك لە قەرەقووڵەكانی ئەو ناوچەیە دەستیان بە خۆپێشاندان كرد، هێزەكانی ژاندارمە لە نێو قەرەقووڵەكەدا تەقەیان لە خۆپێشاندەرەكان كرد و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەك گیانی لە دەست دا و 9 هاووڵاتی دیكەیش بریندار بوون.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی ئیلكە خەبەری توركی بڵاوی كردەوە كە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە كردن لە سەر ئەو رووداوە و ئاشكرا كردنی ئەو كەسانە كە تەقەیان لە هاووڵاتییەكان كردووە، داواكاری گشتی كۆماری دیاربەكر فەرمانی كۆ كردنەوەی هەر هەمووی چەكەكانی نێو قەرەقووڵەكەی دەر كردووە.
دوای دەر كردنی ئەو فەرمانە لە لایەن داواكاری گشتی كۆمارییەوە بەرپرسانی هێزەكانی ژاندارمە دوای كۆ كردنەوە چەكەكانیان بە مەبەستی پشكنین رادەستی داواكاری گشتی كۆماری لە دیاربەكر كردووە.




