كۆمیتەی چاودێری قۆناغی چارەسەری پرسی كورد دادەمەزرێت

ئەنقەرە- KDP.info- وەزیری دادی توركیا سەعدوڵًلا ئەرگین رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ وەفدی حكوومەت و پارتی ئاشتی و دیموكراسیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و چۆنیەتی چاودێری كردنی ئەم قۆناغە كراوە و وەفدی بەدەپە پێشیناری دامەزراندنی كۆمیتەیەكی بە ناوی كۆمیتەی چاودێری كردووە و حكوومەتیش لێكۆڵینەوە لە سەر دامەزراندنی ئەم كۆمیتەیە دەكات.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاوی كردووەتەوە كە لە دانیشتنی دوێنێ نێوان وەفدی حكوومەت و پارتی ئاشتی و دیموكراسیدا، وەفدی بەدەپە پێشیناری دامەزراندنی كۆمیتەیەك بە ناوی كۆمیتەی چاودێری كردووە و ئەو كۆمیتەیە دەبێت بە هاوبەشی لە نێوان كۆمیتەی عەقڵمەندان و كۆمیتەی چارەسەری پرسی كورددا پێك بێت و لەگەڵ پەكەكە و ئوجەلانیشدا دابنیشێت و بیروڕای ئەوانیش وەربگرێت.
ئاماژە بەوە كراوە كە ئەركی ئەم كۆمیتەیە نەتەنیا چاودێری كردنە بەڵكۆ دەبێت لە كاتی روودانی هەر جۆرە رووداوێكی نەخوازراودا بە پەلە دەست بە كار ببێت و هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی پرسەكان بدات و نەهێلێت دەرفەت بۆ لاواز بوون و پەرتەواز بوونی قۆناغی چارەسەری برەخسێت.




