سهرۆک بارزانی و سهرۆک تاڵهبانی تهئكید لهجێبهجێكردنی رێككهوتننامهی ههولێر دهكهنهوه

ئێوارەی ئەمڕۆچوار شەممە 25-4-2012 سەرۆك مام جەلال لە شاری هەولێر بە گەرمی پێشوازیكرد لە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆك مەسعود بارزانی،لە كۆبونەوەكەدا كە هەریەك لە بەڕێزان كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان،نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) ئامادەی بون،گفتوگۆ كرا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی گۆڕەپانی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و، رێوشوێنەكانی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان بە گشتیی و بەتایبەتیی ئەو تەنگەژەو قەیرانەی كە لە نێوان حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا دروست بوە،لەو بارەیەشەوە بیرو ڕا و تێڕوانینەكانی سەرۆك مام جەلال و سەرۆك بارزانی چون یەك بون كە دەستور و رێككەوتنەكانی پێشو (بە تایبەت رێككەوتنامەی هەولێر ) بكرێتە بنەماو سەرچاوە بۆ كۆتایی هێنانی كێشەكان،بیرو ڕاش ئاڵو گۆڕكرا سەبارەت بە كۆبونەوەی نیشتمانیی و كۆبونەوەی سەركردەی پارت و لایەنەكانی نێو پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا بۆ دەرچون و رزگاربون لەو قەیرانە سیاسییەی كە روبەڕوی پرۆسەی سیاسیی بوەتەوە لە عێراقدا، سەرۆك مام جەلال و سەرۆك مەسعود بارزانی گرنگیی بەستنی ئەو كۆبونەوانەیان دوپاتكردەوە لە كاتێكی نزیكدا تا سەركردە سیاسییەكان و كوتلەكان رێك بكەون لەسەر پرۆژەوە بەرنامەیەكی نیشتمانیی كە هەموان لەسەری رازی ببن و،هەمو كێشە و كۆسپەكان یەكلایی بكرێنەوە و عێراق لەو قەیرانە دەرباز ببێت .
لە تەوەرەیەكی تری كۆبونەوەكەدا بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكان تاوتوێكرا،لەو بارەیەشەوە پێویستیی یەكڕیزیی و یەكێتیی ماڵی كورد دوپاتكرایەوە و یەك هەڵوێستیی هەرێمی كوردستان بەرامبەر كێشەو گرفتەكان بە پێویست زانرا، ئاماژەشكرا بۆ زیاتر قوڵكردنەوەی هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوان (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان )كە رەنگدانەوی گرنگی هەیە لە ئۆقرەیی و ئاشتیی و تەبایی لە هەرێمی كوردستان و بە هێزیی پێگەی كورد لە عێراق بە گشتیی،هاوكات كاریگەریی زۆریشی هەیە لەسەر كارایی و چالاكی حكومەت لە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەو بارەیەشەوە پشتیوانیی بۆ هەنگاو و بەرنامەی كاری كابینەی حەتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوپاتكرایەوە




