٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

KDP.infoزانیاری لەبارەی دواخستن و دوانەخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بڵاو دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەوە ئاشكرا دەكات كە تاوەكو ئێسته‌ هیچ ئامادەكاریەك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجام نەدراوەو دەشڵێت ئێسته‌ زۆر درەنگە بۆ ئەو ئامادەكاریانە، بەڵام تاوەكو ئێسته‌ بڕیاری دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە نەدراوە.

 هندرێن محمد ساڵح بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆkdp.infoگوتی: لە گەڵ ئەوەی لە ماوەی رابردوودا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی لە ئەوە ئاگاداركردەوە كە پێویستە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هاوشێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، بەڵام كۆمسیۆن لەسەرەتادا داوای كرد كە بڕگەیەك لە یاساكە هەمواربكرێت بۆ ئەوەی پێكهاتەكان بتوانن دەنگ بدەن بۆ كۆتاكانی خۆیان، بەڵام دوای ئەوەی پەرلەمان ئەو بڕگەیەی دەستكاری كرد ئێسته‌ پێویستە لەسەر كۆمسیۆن ئامادەكاری ئەنجام بدات، بەڵام تاوەكو ئێسته‌ هیچ ئامادەكاریەك بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام نەدراوە، چونكە تاوەكو ئێسته‌ دەرگا لەبەردەم خەڵك و حزب و قەوارەكان واڵا بكرێت بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بكەن چونكە هەندێ كەس و قەوارەو لایەنی سیاسی هەیە حەز دەكات لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەشداری بكەن، بەڵام حەز ناكات بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن هەروەها پێویستە دەست بكرێت بە تۆماركردنی ناوی كاندیدەكان كە ئەمەش ماوەیەكی زیاتری لە هەڵبژاردنەكانی تر دەوێت .

ناوبراو گوتیشی: ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان زۆر جیاوازە لە گەڵ هەڵبژاردنەكانی ترو پێویستی بەكاركردنی زیاترە، ئێمە وەكو كۆمسیۆن تاوەكو ئێسته‌ بە فەرمی نەمانگوتووە كە ئەو هەڵبژاردنە دوا دەكەوێت، بەڵام راستیەك هەیەو پێویستە بگوترێت ئەویش بریتیە لە ئەوەی تاوەكو ئێسته‌ هیچ ئامادەكاریەك بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام نەدراوە .

 سەبارەت بە ئەو لایەنەی ئۆباڵی دواكەوتنی ئەو هەڵبژاردنەی دەكەوێتە ئەستۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان گوتی: ئەولایەنە بریتیە لە ئەنجوومەنی كۆمسیاران و دەبوایە ئەوان ئامادەكاریان ئەنجام بدابوایە، چونكە ئەوان لایەنی دەركردنی سیستەمن بەڵام كوا سیستەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو هەڵبژاردنە كاری پێبكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار