لە چوارەمین خولی دەرچووانی زانكۆی سۆران 430 بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەخشران

سۆران- تایبەت KDP.info /رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 3-7-2012، لە رێوڕەسمێكی شایستەدا، دەرچووانی چوارەمین خولی زانكۆی سۆران، لەلایەن سەرۆكی زانكۆی سۆران، بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان پێ بەخشرا.
لە هۆڵی بۆنەكانی شاری سۆران بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان د. عەلی سەعید كە هاوكات وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیە لەگەڵ ژمارەیەكی بەرچاوی كەسی ئەكادیمیی ناوچەكەو هەرێم و بەرپرسی حكومی و سیاسی و كارگێری هەرێم و دەڤەرەكەو بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە كەس و كاری دەرچووانی ئەم خولەی زانكۆ، مەراسیمی دەرچوون بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێورەسمەكە بەچەند ئایەتێكی قورئانی پیرۆز دەستی پێكردو دواتر ئاماددەبووان بۆ سرودی نیشتیمانی وەستانە سەرپێ. پاشان سلایدە پرێزنتێیشنێكیش لەبارەی دەستكەوت و كاروچالاكییە زانستی و ئەكادیمیەكانی زانكۆی سۆران پێشكەشكرا.
دكتۆر روشدی سەمەد لەپەیڤێكدا دەستخۆشی و سوپاسی ئەو مامۆستاو كارمەندە بەڕێزانەی كرد كە رۆڵێكی گەورەیان بینییوە لە پێگەیاندنی ئەو پۆلە قوتابیە". سەرۆكی لیژنەی باڵای رێكخستنی ئاهەنگی دەرچووانی چوارەم خولی زانكۆ د. روشدی سەمەد ، وتارێكی پێشكەش كردو پیرۆزبایی بەو بۆنەیەوە لە سەركەوتووان و خانەوادەكەیان كردو بە دەستكەوتێكی بەرزی داناو هیوای خزمەتكردنی بە گەل و خاك لە داهاتوودا بۆ خواستن :"دەستخۆشی و سوپاسی ئەو مامۆستاو كارمەندە بەڕێزانە دەكەین كە رۆڵێكی گەورەیان بینییوە لە پێگەیاندنی ئەو پۆلە قوتابیە".
پاشان سەرۆكی زانكۆ وتارێكی پێشكەشكردوو رایگەیاند كە "لە چوارەمین بەهاری تەمەنیدا ئەمڕۆ زانكۆكەمان خاوەنی چەندین دەستكەوتی مێژووییە لە بواری خوێندن و گەشەسەندنی كولتوورو ژێرخانی ئابووری لە لانەی شۆڕەش و كوردایەتی.
سەرۆكی زانكۆی سۆران د. موسڵیح مستەفا لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا موژدەی ئەوەیدا "لەگەڵ دەسپێكی وەرزی ئەكادیمیی ساڵی 2013- 2014 ، كامپەسی تازەی زانكۆی سۆران دەبێتە ماڵی هەموو قوتابیەكی ئەم زانكۆیە، ئەم كامپەسە دەبێت بە یەكەمین پێگەی زانستی و ئەكادیمیی.
هەر لەم كەڕنەڤاڵەشەوە سەرۆكی زانكۆ گووتی "پێتان رادەگەینین كە ساڵی داهاتوو فاكەڵتیی زانستمان دەبێت بە فاكەڵتیی زانستی ئەندازیاری، كە تێیدا سكوڵی ئەندازیاری، بەشەكانی ئەندازیاری نەوت و ئەندازیاری كیمیایی لەگەڵ ئەندازیاری شارستانی دەگرێتە خۆی بە بەرزترین كواڵێتی و لەسەر دەستی مامۆستایانی شارەزای ئاست بەرزی جیهانی.
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوە زانستی د. عەلی سەعید نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا گوتی:" ئاماددەبوونتان، بەشداری كردنتان، لەم ئاهەنگە پڕ شكۆو كەرنەڤاڵە زانستییەدا و لەساتەوەختی بەخشینی بڕوانامە بە پۆلێكی تری نەوەی ئەمڕۆ و هیوای ئایندەمان مایەی خۆشحاڵییە لەو دەرچووانەی خولی 4 ەمین زانكۆی سۆران، ئەو زانكۆیەی كە وەك مەشخەڵێكی زانستی لە ساڵی 2009 دامەزراوەو وەك دەستكەوتێكی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرهەمێكی گیانفیدایی و بەرگری و گیانی شۆڕشگێری میللەتەكەمان و خوێنی شەهیدە نەمرەكانی كوردستانە".




