رەمزی قارتاڵ: ئاكەپە دەیەوێ قۆناغی چارەسەری تێك بدات

برۆکسل- KDP.info/ سیاسەتمەداری كورد و ئەندام پەرلەمانی پێشووی توركیا رەمزی قارتاڵ سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دوایەی توركیا و لێدوانەكانی سەرۆك وەزیری توركیا رایگەیاند كە، دەسەڵاتی ئاكەپە دەیەوێ قۆناغی چارەسەری تێك بدات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی رۆژانوو بڵاویكردۆتەوە كە سیاسەتمەدار كورد رەمزی قارتاڵ سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری رایگەیاندووە كە ئەم قۆناغە دەبێت بە شێوەیەكی دوو قۆڵی بەرێوەببرێت و لایەن كوردی و لایەنی توركیا لە بەرامبەر یەكتردا هەنگاوی ئەرێنی بنن، بە پێچەوانەوە ئەم قۆناغە ناگاتە ئەنجام.
رەمزی قارتاڵ باسی رووداوەكانی پاركی گەزی و لیجەی كردووە و گوتوویەتی: لەم قۆناغە هەستیارەی توركیادا هەڵوێستەكانی سەرۆك وەزیر و پارتی دەسەڵاتدار هیچ جۆرە خزمەتێكی توركیا ناكەن بە پێچەوانەوە دەبنە هۆكاری ئاڵۆزتر كردنی بارودۆخی توركیا.
ناوبراو سەبارەت بە مەسەلەی دەست پێكردنی مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەریش گوتوویەتی: ئەوەی لە لێدوانەكانی سەرۆك وەزیردا بەدێ دەكرێت ئەوەیە كە ئاكەپە دەیەوێ ئەم قۆناغە تێك بدات.




