موراد قەرەیڵان: با ئەردۆغان ئیدیعاكانی خۆی بسەلمێنێت

قەندیل- KDP.info/ سەرۆكی دەستەی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستانێ موراد قەرەیڵان رەخنەی توندی ئاراستەی لێدوانەكانی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان سەبارەت بە رووداوەكەی لیجە كرد و گوتی: ئەو لێدوانانەی سەرۆك وەزیری توركیا بۆ شێواندنی رای گشتین و هیچ جۆرە بنەمایەكیان نییە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی رۆژەڤی كوردستان بڵاویكردووەتەوە كە سەرۆكی دەستەی سەرۆكایەتی كەجەكە موراد قەرەیلان رۆژی چوارشەممە سەبارەت بە لێدوانەكانی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە بارەی رووداوەكەی لیجەوە گوتوویەتی: ئەو لێدوانانە تەنیا بۆ بێدەنگ كردن و شێواندنی رای گشتییە و هیچ جۆرە پەیوەندییەكی ئەو رووداوە بە مادە هۆشبەرەكانەوە نییە و نەتەنیا ئێمە بەڵكو زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ئەورووپایش دەزانن كە بارزگانی گەورەی مادە هۆشبەرەكان لە توركیا دەوڵەت و رێكخراوە شاراوەكانی سەر بە دەوڵەتن.
قەرەیڵان جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەوان دەتوانن بسەلمێنن كە ئەو رووداوە هیچ جۆرە پەیوەندییەكی بە مادە هۆشبەرەكانەوە نییە بۆیە پێویستە سەرۆك وەزیری توركیایش ئیدیعاكانی خۆی بسەلمێنێت.




