٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بۆ ساڵی دووەم، وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق پێشێلكاری دەكات بەرامبەر بە كورد لە پێشانگای گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراقدا

سەرچاوە: KDP.info

بۆساڵی دووەم وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق هەمان پێشێلكاری بەرامبەر بەكورد لەپێشانگای گۆڕە بەكۆمەڵەكان دووبارە دەكاتەوە كەلەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا نمایشی دەكات، ئەمڕۆ بایكۆتی بەشداری كردنی ئەو پێشانگایەم كرد، چونكە بەپێشێل كاری دەزانم بەرامبەر بەنەتەوەی كورد.

ساڵی رابردوو وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق هەمان پێشانگای كردەوە لەناو بارەگای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا رەخنەی ئەوەم هەبوو كە ئەو جلوبەرگەی لەو پێشانگایەدا نمایشیان كردبوو سیمای جلی كوردی تێدا نەبوو، ئەمە سەرەڕای ئەوەی وایان راگەیاندبوو كە ئەو پێشانگایە بەهاوكاری لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق ساز كراوە بەڵام ئێمە بێ ئاگابووین لەو ئامادەكارییە.

ئەوەی زۆر جێی نیگەرانییە كە ساڵی رابردوو لەنێو پەڕاوی تێبینی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق كە تەرخان كرابوو بۆ پێشنیار و رەخنە لەبارەی پێشانگاكەوە بەتایبەت بۆم نووسین كە ئەو جلوبەرگانەی كەگوزارشت لەكوردەكانی قوربانی ناو ئەو گۆڕەبەكۆمەڵەكانی عێراق دەكەن لەئاستی پێویست دانین، بەنموونە شەرواڵێك كەگوایە شەڕواڵی كەسێكی كوردە بەڵام سیمای شەڕواڵی كوردی تێدا نەبوو، بۆم نووسیبوون كە میللەتی كورد خاوەنی لەسەدا حەفتای گۆڕە بەكۆمەڵەكانە ناكرێ بەو جلوبەرگانە گوزارشتی لێ بكرێ، لەوەڵامدا پێیان گوتم ئێمە ئەو رەخنەیەمان قبوڵە، بۆیە ئەو كاتە لەناو پەڕاوەكە رەخنەكەم نووسیی بۆ ئەوەی بۆساڵی دواتر ئەو پێشێلكارییە دووبارە نەبێتەوە.

هۆكارێكی زۆر مەترسیداری ئەو پێشانگایە ئەوەیە كە ئەگەر ببرێتە دەرەوەی عێراق ئەوا گوزارشت لەبەشی كورد ناكات لەگۆڕە بەكۆمەڵەكاندا.

بەشدارینەكردم بۆ ئەو پێشانگایە رەتكردنەوەی ئەوەیە كە پێویستە گوزارشت كردن لەبەشی كورد روون و ئاشكرا دیار بێ، ناكرێ نەتەوەیەك لەسەدا حەفتای گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق پێك بهێنێ دووساڵ لەسەر یەك شەرواڵێكی بۆ دابنرێ كە هەر سیمای شەرواڵی كوردی تێدا نییە، لەگەڵ جلی ئافرەتێك و جلی منداڵێك.

بیانووی ئەمجارەی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق ئەوە بوو كە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی كوردستان هەموو جلوبەرگەكانی گۆڕە بەكۆمەڵەكانیان بردووەتەوە بۆ هەرێم، وە بیانووی دووەمیان ئەوە بوو كە ئەو جلوبەرگانەی بەكاریان هێناوە هی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەیە ئەمساڵ هەڵدراونەتەوە.

هەردوو بیانووەكەی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق لەجێی خۆیی نین چونكە یەكەم دەیانتوانی هەفتەیەك پێش پێشانگاكە پەیوەندیان بەوەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانەوە بكردایە تاوەكو یارمەتیان بدەن بەپێدانی جلوبەرگی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ئەوەش كارێكی ئاسانە خۆ هەولێر لەهەسارەیەكی دیكە نییە پێی نەگەن.

بیانوی دووەمشیان لەجێی خۆی نییە چونكە لەناو پێشانگاكە زانیاری ئەوەی تێدایە یەكێك لەو جلوبەرگانە هی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی دەشتی عوكازە، واتە ئەو جلوبەرگانەی تێیدا نمایش كرابوون هی 16/6/2012 تا ئەمساڵ نین بەڵكو جلوبەرگی وەهای تێدایە كە دەگەڕێتەوە بۆساڵی 2010 و 2011 دەگڕێنەوە، ئەوەش ئەوە دەردەخات كە ئەو بیانووە لەجێی خۆی نییە دەڵێ جلوبەرگەكان هی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەیە ئەمساڵ هەڵدراونەتەوە.

لەدوای ئەوەی وەزیری مافی مرۆڤی عێراق لەلیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەخنەی پێشانگاكەم لێگرت و كەموكوڕیەكانیم بۆ روون كردەوە داوای لێكردم بەشدار بم لەو پێشانگایەدا بەڵام هەر سووربووم لەسەر بەشدارینەكردنم تاوەكو ببێتە خاڵێكی سەلمێنەر لەسەر كەموكوڕیەكانی ئەو پێشانگایە.

داواكارم كە ئەم پێشانگایە كەگوزارشت ناكات بەتەواوی لەنەتەوەی كورد لەگۆڕە بەكۆمەڵەكاندا لەدەرەوەی عێراق نمایش نەكرێ و ساڵێكی دیكە بەبەشداری لایەنی كورد بكرێ و هیچ كەسێكیش بەشدار نەبێ لەپێشانگای ئەمساڵدا.

 

                 ئەشواق جاف

          ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

                3/7/2013

هەواڵی پەیوەندیدار