به بهشداری سهرۆكی ههرێمی كوردستان ئاههنگی 273 ساڵهی راگهیاندنی سهربهخۆیی ئهمهریكا له ههولێر بهڕێوهچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە بەئامادەبوونی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەهۆتێل ڕۆتانا لەپایتەخت ئاهەنگی 237ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریكا بەڕێوەچوو. لەو ئاهەنگەدا كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەت و سەركردە و نوێنەرانی حزب ولایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پارێزگاری هەولێرو دهۆك و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی و میوانان ئامادەی بوون، پۆڵ سەتفن كونسوڵی پێشووی گشتیی ئەمەریكا لەهەرێمی كوردستان لەپەیڤێكدا ئاماژەی بەوەدا ساڵیادی لەدایكبوونی ئەمەریكا یادی لەدایكبوونی پاشایەك یان شاژنێك نییە بەڵكو لەدایكبوونی بیر وهزرێكە كە بووە بناغەی دیموكراسییەت بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان.
خۆشحاڵی خۆی بەوە نیشاندا كە ئەمەریكا بەشێوەیەكی فراوان لە وڵاتانی جیهان توانیویەتی بوونی هەبێت بەتایبەتی لەعێراق و لەهەرێمی كوردستان و باسێكی كورتی لەبارەی مێژووی ئەمەریكا و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەكەی پێشكەشكرد.
بەڕێزیان سوپاسی ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكوومی و ئیداری هەرێمی كوردستانی كرد لەو ئاهەنگەو دووپاتیكردەوە ئەمە واتای پتەویی پەیوەندیی نێوان هەردوولا دووپات دەكاتەوە، خۆشحاڵیی خۆی بەوە نیشاندا كە كونسوڵگەری گشتی وڵاتەكەیان دەستی بە پێدانی ڤیزا بۆ خەڵكی كوردستان كردووەو هەفتەی ڕابردوو یەكەمین ڤیزا درایە قوتابییەكی كورد لەمیانەی پڕۆگرامی سەركردایەتی جیهانی. ئاشكراشیكرد ساڵی داهاتوو دەست بە بونیادنانەوەی كۆمەڵگەی كونسوڵگەریی ئەمەریكا دەكرێت لە هەرێمی كوردستان.
هاوكات ئاماژەی بەپرۆژەكانی ئەمەریكای لە هەرێمی كوردستاندا كرد بەتایبەتی لەڕووی بونیادنانی نەخۆشخانە و قوتابخانە و جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوو بونیادنانەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و كۆلێژی پۆلیس و پاراستنی كەلەپوور و تەرخانكردنی 34 ملیۆن دۆلار بۆ پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان كە زۆربەیان كوردن.
پاشان جۆزێف پێنێنتین كونسوڵی گشتی تازەی ئەمەریكا لە هەرێم لە پەیڤێكی كورتدا هیوای خواست لە ماوەی ئایندەدا كاری باش و سەركەوتوو ئەنجام بدات و دووپاتیكردەوە لە ماوەی ئەو هەفتەیەی كە تیایدا كاری لە هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە باش ئاگاداری میواندارێتی خەڵكی كوردستان و ڕێزگرتنیان بۆ میوانان بەدیكردووە.
دواتر فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت بە نوێنەرایەتی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ووتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە مێژووی پەیوەندیی نێوان كوردستان و ئەمەریكا تازە نییە و لە ڕابردووەوە تا گەیشتن بە ئێستا كە تیایدا كوردستان خاوەنی ئارامی وسەقامگیرییە ئەو پەیوەندییانە بەردەوامن و ڕۆژ بەڕۆژ پتەوتر دەبن. هاوكات نیشانیدا ئەو پەیوەندییانە هەموو بوارێكی گرتەوە و جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كەهەرێمی كوردستان هەمیشە كار بۆ ئەوە دەكات ئەو پەیوەندییانە زیاتر و پتەوتربن.
شیاوی باسە كونسوڵگەری گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لە 10/7/2011 لە هەولێر كرایەوە.






