نووسینگەی كۆسرەت رەسول: گۆڕان و سەرۆكە داخ لە دڵەكەیان تەنیا درۆ و بوختان شك دەبەن

هەولێر – تایبەت بە KDP.info/ سەبارەت بە هەڵمەتی راگەیاندنی گۆڕان بۆ سەر بەڕێز كۆسرەت رەسول عەلی نووسینگەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تێدا هاتووە: لە چەند رۆژێكە راگەیاندنە چەواشەكارەكەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا، هێرشێكی دوژمن كارانەی بەرامبەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گشتی و هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی و چەند هەڤاڵێكی تری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەست پێكردووە. ئێمە وەك هەمیشە لەسۆنگەی دان بەخۆداگرتن و لەبەر چاوگرتنی بارودۆخە هەستیارەكەی هەرێمی كوردستان و پەرۆشیمان بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، دانمان بە خۆماندا گرتووە، هەرچەندە دەمێكە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی كە گۆڕان و سەركردە و سەرۆكە داخ لە دڵەكەیان تەنیاو تەنیا زمانی زبرو برینداركردن و درۆ و بوختان و چەواشەكاری شك دەبەن، چونكە كاتێك ئێمە هەنگاوێك لەوان دەچینە پێشەوە، ئەوان دوو هەنگاو پاشەكشە دەكەنو باوەڕیان بە گفتوگۆو دانوستانو گۆڕینەوەی بیروڕاو پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو دیموكراسیانە نیە، بەڵكو تەنها ئامانجیان بەدەستهێنانی دەسكەوتی تەسكی حزبیو سیاسییە لەڕێی تۆمەتباركردنو هەوڵدان بۆ لەكەداركردنی خەڵك، بەتایبەتی خەونی نەزۆكیان قوتدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانو لەكەداركردنی سەركردەو رەمزە تێكۆشەر و رابردوو پرشنگدارەكانیەتی. لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا هاتووە سەرەڕای ئەوەی كە ئێمە دەزانین بۆچی راگەیاندنی گۆڕان هێرشەكانی بۆ سەر خودی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی چڕكردووەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی سنورێك بۆ درۆكانیان دابنێین و ئاگاداریشیان بكەینەوە كە چیتر یاری بەئاگرێك نەكەن، كە نەك تەنیا پەنجەكانیان دەسوتێنێت، بەڵكو گڕ لە خەرمانی درۆ و بوختان و چەواشەكاریەكانیشیان بەردەدات، بۆیە ناچارین چەند خاڵێك بخەینەڕوو: راگەیاندنی گۆڕان بە دەسیسەی نەوشیروان مستەفا دەڵێت گوایە (كاتێك كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا وتوویەتی دەستور دەگێرینەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، بەهەڵە ئەو رستەیەی ووتوە). ئێمەش بۆ مێژوو دەڵێین: ئەگەر هیچ كەسێك ئەو راستیە نەزانێت كە هەڤاڵ كۆسرەت ڕەسوڵ لە ژیانیدا هەرچیەكی وتبێت بە كردەوەش جێبەجێی كردووە، ئەوا نەوشیروان مستەفا لە هەموو كەس زیاتر هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ ئەناسێت، لەوبارەیەوە پێویست بەقسەو روونكردنەوەی زیاتر ناكات. كۆسرەت رەسول لە یەكی شەشی دوو هەزار و سێزدە، بەڵێنی گەڕانەوەی دەستوری بۆ پەرلەمانی كوردستان داو لە سیی و شەشی دوو هەزار و سێزدە، خاڵی دووەمی رێككەوتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ پارتیدا گەڕانەوەی دەستورە بۆ پەرلەمانو هەمواركردنەوەی، ئەوەش لە رێگەی سازانێكی نیشتمانییەوە كە حزب و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن-یشی تێدابێت بە گۆڕانیشەوە. هەروەها لە خالێكی تر دا هاتووە گوایە هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی لە پێناو مانەوەی خۆی لە (پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و وەرگرتنی بودجەی زیاتر ئەو رێككەوتن نامەیەی ئیمزا كردووە). سەبارەت بەم تۆمەتە بێ بنەمایەش پێمان خۆشە ئەوان و دەزگای چاودێری دارایی و دەزگا پەیوەندیدارەكانی تریش بەدواداچوون بكەن دەربارەی: یەكەم سەرچاوەی دارایی كۆسرەت رەسول عەلی و دووەم بودجەی تەرخانكراوی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەردەستی جێگری سەرۆكی هەرێم و چۆنیەتی خەرجكردنی. هەروەك هەمان داوامان لە لیژنەی بەداواداچوون و چاودێری هەیە كە بودجەی چوار ساڵی رابردووی (كۆمپانیای بەناو گۆڕان) بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكەن، ئەوكاتە كەسانی گەندەڵ و شێوازەكانی گەندەڵكاری دەردەكەون، با كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش داوەری سزادانی گەندەڵكاران بن.




