موعەمەر گولەر: چارەسەری بە واتای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی نییە

ئەنقەرە- KDP.info/ وەزیری ناوخۆی توركیا موعەمەر گولەر كە بۆ خۆیشی كوردە سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دوایەی توركیا بە تایبەتی رووداوەكەی لیجە رایگەیاند كە هەندێك كەس و لایەن زۆر بە هەڵە لە قۆناغی چارەسەری تێگەیشتوونە و وا دەزانن كە قۆناغی چارەسەری كردنی پرسی كورد بە واتای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییە.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی خەبەری توركی بڵاوی كردەوە وەزیری ناوخۆی توركیا موعەمەر گولەر باسی رووداوەكەی لیجەی كردووە و گوتوویەتی: ئارمانجی رووداوەكەی لیجە تێكدانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و نانەوەی ئاژاوە و نائارامی لە توركیا بوو بەڵام بە هۆی هۆشیاری خەڵكەوە ئو رووداوە نەیتوانی بگاتە ئارمانجەكانی خۆی.
موعەمەر گولەر جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە هیچ پەیوەندییەكی ئەم رووداوە بە پروتستۆ كردنی قەرەقووڵەكانەوە نییە چوونكە ئەم رووداوە لە لایەن 50 كەسەوە كە خاوەن چەك بوونە و پێشتر بەرنامەیان ئامادە كردووە پێكهاتووە و ئەمەیش لەگەڵ داواكاری و رێبازی خۆپێشاندانەكانی دانیشتووانی ناوچەكەدا ناگونجێت، بۆیە بۆمان روون بووەتەوە كە ئارمانجی سەرەكی ئەم رووداوە تێكدانی قۆناغی چارەسەری و دەر خستنی شەڕی نێوان سوپا و خەڵك بووە.




