٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مورسی بەیاننامەی سوپا رەتكردەوە و وەزیری دەرەوەش دەستی لەكار كێشایەوە

سەرچاوە: KDP.info

میسر- KDP.info/ لە بەیاننامەكەدا سەرۆكایەتی میسر تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی، ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی سوپای وڵاتەكەی هەندێ دەستە واژەی تێدایە كە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ شڵەژانی زیاتری رەوشی ناوخۆی میسر و هەروەها سوپای میسریش بە بێ هیچ راوێژێك بە محەمەد مورسی سەرۆكی ئەو وڵاتە بەیاننامەكەی بڵاوكردووەتەوە كە جێگای قبوڵكردن نییە و سەرۆكایەتی میسریش بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكەی سوپا رەت دەكاتەوە. لە بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی میسر ئاماژە بەوە دراوە، سەرۆكایەتی میسر هەنگاوی كارا و بەرچاوی بۆ سەرخستنی میكانیزمی ئاشتەوایی نیشتیمانی گرتووەتە بەر كە ئەو میكانیزمە كار بۆ گەیشتنی لایەنە سیاسیەكان بۆ چارەسەركردنی تەنگەژەی سیاسی دەكات كە چی سوپای میسر بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە كە زیاتر رەوشەكە دەشڵەژێنێت و ئاڵۆزتر دەكات. لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە كە دوا بە دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەكەی سوپای میسر، محەمەد مورسی سەرۆكی ئەو وڵاتە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا بە وردی دوایین پێشهات و رووداوەكانی ناوخۆی میسریان تاوتوێ كردووە و لەو رووەوە ئۆباما تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە ئیدارەی ئەمەریكا مامەڵە لەگەڵ ئەو سەركردانەی میسر دەكات كە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون. بە گوێرەی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی میسر، هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنێكدا سەرۆكی ئەمەریكا پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ سیستەمی دیموكراتی و پرۆسەی ئاشتی لە میسر نیشان داوە و هەروەها مورسی و ئۆباما گشت ئەو كارە تووندوتیژیانەیان ئیدانە كرد كە لە چەند رۆژی رابردوو وڵاتی میسر بە خۆوە بینی. لای خۆیشەوە كۆشكی سپی بەیاننامەكی بۆ پشتڕاستكردنەوەی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی میسر بڵاوكردەوە لەوەی هەر دوو سەرۆكی میسر و ئەمەریكا دوایین پێشهات و رووداوەكانی میسریان تاوتوێ كردووە، بەڵام لە بەیاننامەكەی كۆشكی سپی ئاماژە بەوە دراوە، كە ئۆباما هانی مورسی داوە كە بەدەم داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانەوە بڕوات و ئەو داواكارییانە جێبەجێ بكات. كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەشدا، كە سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەی بە مورسی راگەیاندووە كە پابەند بێت بە پرۆسەی دیموكراتی و بە هیچ شێوەیەك پاڵپشتی و پشتیوانی لە گروپێك و لایەنێكی دیاری كراوی سیاسی میسر نەكات. لەلایەكی دیكەوە ئیدارەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، كە واشنتۆن بە وردی لە بەیاننامەكەی سوپای میسر دەكۆڵێتەوە. دوێنێ سوپای میسر بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە كە لە بەیاننامەیەكدا چل و هەشت كاتژمێری وەك مۆڵەت دایە لایەنە سیاسیەكان بۆ ئەوەی تەنگەژەی سیاسی چارەسەر بكەن. هاوكات ئاژانسی دەنگوباسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فەرمی میسر بڵاوی كردەوە، محەمەد كامل عەمرو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەستی لە كار كێشایەوە و كە ئەمەش شەشەم وەزیری حكوومەتی میسرە و هەروەها ئاژانسەكە ئاماژەی بە هۆكاری دەست لە كاركێشانەوەكەی وەزیری دەرەوەی میسر روون نەكردەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار