نۆمان قۆرتۆڵمووش: رووداوەكەی لیجە كاریگەری لە سەر خەڵك نەكردووە

ئەنقەرە- KDP.info/ جێگری سەرۆكی گشتی پارتی داد و گەشە پێدان نۆمان قۆرتۆڵمووش رایگەیاند كە چەند هێز و لایەنێك دەیانەوێ سوود لە رووداوەكەی لیجە وەربگرن و هانی خەڵك بدەن كە دەست بە نائارامی بكات.
لەمبارەیەوە ئاژانسی ئانادۆڵی توركی بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆكی گشتی ئاكەپە نۆمان قۆرتۆڵمووش سەبارەت بە رووداوەكەی لیجە رایگەیاندووە، ئەم رووداوە بە هیچ شێوەیەك كاریگەری لە سەر مەعنەویاتی دانیشتوانی ناوچەكە و هاووڵاتییە كوردەكان نەكردووە.
قۆرتۆڵمووش ئاماژەی بەوە كردووە كە چەند كەس و لایەنێك دەیانەوێتسوود لەم رووداوە وەربگرن، تا بەمجۆرە خەڵك هان بدەن بۆ ئەوەی كە دەست بە نانەوەی نائارامی و ئاڵۆزی بكات، بەڵام خەڵك بە تایبەتی دانیشتوانی ناوچەی لیجە و هاووڵاتییە كوردەكان متمانەیەكی زۆر باشیان بە قۆناغی چارەسەری هەیە بۆیە بە هیچ شێوەیەك ناكەونە ژێر كاریگەری رووداوەكەی لیجە و بەرنامەكانی ناحەزانی قۆناغی چارەسەری.
ناوبراو سەبارەت بەو ئیدیعایانەی كە باسی ئەوە دەكەن پەكەكە هێزەكانی خۆی ناكێشێتەوە گوتی: ئەم ئیدیعایانە راست نین و پرۆسەی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە درێژەی هەیە و پەكەكە ئیرادەیەكی یەكجار بەهێزی بۆ كێشانەوەی هێزەكانی و دانانی چەك هەیە.




