٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن دەیكات یاریكردنە بەئاگر

سەرچاوە: KDP.info

پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا بارزانی تاوەكو دوو ساڵی دیكەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "مەرج نییە ویلایەتی بارزانی هەتا دوو ساڵی دیكە بخایەنێ".

پەرلەمانی كوردستان پێش ئەوەی دەست بە پشووی هاوینی خۆی بكات، گفتوگۆی لەسەر هەردوو پڕۆژە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام پەسەندكردنی یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.

دریژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی دوای رێككەوتنی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی هات لە شاری سلێمانی. كە لە 29/6/2013 بەڕێوەچوو.

سەبارەت بەوەی ئاخۆ پارتی چۆن رازیبووە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دوابخرێ و ویلایەتی بارزانی درێژبكرێتەوە، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) گوتی "ئەمە بەرامبەر بە هیچ نەبووە، چونكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشتر نامەیەكی بۆ پەرلەمانی كوردستان نووسی بۆ ئەوەی هەوڵێك بدرێ كۆدەنگییەك دروستبكرێ لەسەر دەستوور".

گوتیشی "ئەوە دوو هەفتەیە سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ لایەنەكان لە گفتوگۆدا بوو، بەڵام دیارە نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك و دۆخی هەرێمی كوردستانیش بەو شێوەیە نەدەبوو بمێنێتەوە، چونكە بەرەو هەڵبژاردن دەچین".

فازڵ میرانی بەرگری لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكات كە زیاتر لە شەش ساڵە هاوپەیمانیانە و رێككەوتننامەیەكی ستراتیژی بە یەكیەوە بەستوونەتەوە و دەڵێ "ئێمە ناڵێین پێشنیازی یەكێتی بوو بۆ پارتی یاخود پێشنیازی پارتی بوو لەسەر یەكێتی وەكو هەندێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن باسی دەكەن و دەیانەوێ یەكێتی بشكێنن و واپێشانبدەن كە یەكێتی شتێكی كردووە بە دڵی خۆی نەبووە. نەخێر وانەبووە، پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی دیكە هەستیان بە بەرپرسیارێتی كردووە و جگە لە ئۆپۆزیسیۆن هەموومان گەیشتینە ئەو رایە و ئەمەش داوایەكی شەعبی بوو". گوتیشی "ئەوەی كرا مەخرەجێك بوو بۆ دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان".

لەبارەی ناڕەزاییەكانی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە لەو بارەیەوە، فازڵ میرانی گوتی: "ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن دەیكات یاریكردنە بە ئاگر".

فازڵ میرانی دەڵێت پارتی بە بەرژەوەندی زانیوە كە تاوەكو دووساڵی دیكە ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان درێژبكرێتەوە، "بەڵام مەرجیش نییە دوو ساڵ تەواو بكات و لە دوو ساڵیش زیاتر نابێ درێژ بكرێتەوە".

گوتیشی "لەو ماوەیەدا بە جدیی هەوڵدەدرێ دەرگایەك بۆ دیالۆگ بكەینەوە تاوەكو كۆدەنگییەك لەسەر دەستوور دروستببێ و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكرێ".

پێش پەسەندكردنی ئەو دوو یاسایە، ئەرسەلان بایز، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی هەریەك لە نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، محەممەد فەرەج، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی كردبوو. لە پەرلەمانی كوردستانیش لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كۆبووەوە و لەگەڵ هەرسێ سەركردەكەی ئۆپۆزیسیۆن باسی درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی كردبوو.

هەواڵی پەیوەندیدار