٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سوپای میسر مۆڵەتی 48 كاتژمێری بە لایەنەكان دا بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی

سەرچاوە: KDP.info

میسر-  KDP.info  /  بە سەدان ئۆتۆمبیل رژانە شەقام و گۆڕەپانەكانی قاهیرەو دەستیان بە شایی كرد پاش ئەوەی فەریقی یەكەم عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری میسر لە بەیاننامەیەكدا مۆڵەتی چل و هەشت كاتژمێری بە هەموو لایەك دا تەنگژەی سیاسی لە وڵاتدا چارەسەر بكرێت. سیسی ئەو مۆڵەتەی بە دوایەمین هەل بۆ بەیهێنانی داواكارییەكانی گەل ئەژمارد. پاش بڵاوبوونەوەی مۆڵەتەكە خۆشی و شادی كەوتە ناو خۆپیشاندەرانەوە كە داوای دەست لەكاركێشانەوەی محەمەد مورسی سەرۆكی وڵات دەكەن. هاوكات كۆپتەرەكانی سوپای میسر كە ئاڵای میسریان هەڵكردبوو بەسەر گۆڕەپانی ئازادیدا لە قاهیرە سووڕانەوە. هەروەها پاش ئەو رووداوانە نووسینگەی رێبەرایەتی كردنی گرووپی ئیخوان موسلمین بڕیاری دا كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بۆ تاوتوێ‌ كردنی مۆڵەتەكە بكات. لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە بەرپرسانی ئەمەریكا لە واشنتۆن لە بەیاننامەكەی سوپای میسر دەكۆڵنەوە بەڵام ناتوانن پێشبینی بكەن لە ماوەی ئەو چل و هەشت كاتژمێرەی داهاتوودا چی لە میسر روودەدات. لەو بارەوە جۆرج لیتل گوتەبێژ بە ناوی پنتاگۆنەوە بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند كە ئەوان ئێستە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی بەیاننامەكەی سوپای میسرن، بەڵام تەواو لەوە دڵنیا نین لە ماوەی چل و هەشت كاتژمێری داهاتوودا بەم شێوە یان بەو شێوە چی روو دەدات. هاوكات عەمرو مووسا سیاسەتوانی لیبرالی ئەندامی بەرەی رزگاری نیشتمانی پێشوازی لە بەیاننامەكەی سوپای میسری كرد بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی لە وڵاتداو ئەو مۆڵەتەی بە هەموو لایەكی داوە. هاوكات بڕیارە محەمەد مورسی سەرۆكی میسر لەگەڵا وەزیری بەرگری میسر كۆببنەوەو ئەو تەنگژەیە تاوتوێ‌ بكەن. لەم كاتانەیشدا چەند وەزیرێكی حكوومەتی میسر دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان راگەیاند بەڵام هەر یەك لە مورسی و سەرۆك وەزیرانی میسر دەست لەكاركێشانەوەی ئەو وەزیرانەیان رەت كردەوە. هاوكات راپۆرتە هەواڵەكان ئاماژەیان بەوە كرد كە سوپای میسر داواكارییەكی ئەمەریكییان رەت كردەوە كە محەمەد مورسی بە سەرۆكی رەمزی بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنێكی نوێ‌ بەڕێوە دەچێت. جێی ئاماژەیە ماوەی دوو رۆژە چەندین ملیۆن میسری لە گۆڕەپانی ئازادی لە قاهیرەو لە شارەكانی دیكە خۆپیشاندان و مانگرتنیان راگەیاندو داوایان كرد مورسی دەست لەكاربكێشێتەوە هاوكات لایەنگرانی مورسی خۆپیشاندان و مانگرتنیان راگەیاندو داوای رێزگرتنی دەستوورو شەرعیەتیان كردو شەڕو پێكدادان لە نێوان هەردوو لادا لە چەند پارێزگەیەك رووی داو لە ئاكامدا شازدە كەس كوژران و چەند سەد كەسێكی دیكەیش برینداربوون.

هەواڵی پەیوەندیدار