ئیسلامییە توندڕەوەكانی چین رەوانەی سوریا دەكرێن

چین-KDP.info/ میدیا فەرمییەكانی چین ئۆپۆزسیۆنی سوریایان بە مەشق پێكردن و راهێنانی ئیسلامییە توندڕۆكانی چین تۆمەتبار كرد كە پێش چوار سالأ خراپترین هێرشیان كردە سەر ناوچەی چین چیانگ لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە. لەو چوارچێویەدا رۆژنامەی گلۆبال تایمزی سەر بە رۆژنامەی گەل ئۆرگانی پارتی كۆمۆنیستی چین بڵاوی كردووەتەوە كە هەندێك لە ئەندامانی گرووپی توركستانی رۆژهەڵات ساڵی دوو هەزار و دوازدە لە توركیاوە چوونەتە ناو خاكی سووریاوەو چوونەتە ریزی رێكخراوە ئایینییە توندڕۆكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریاو بەشدارییان لەشەڕی دژ بە سوپای رژێم كردووە. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە لە هەمان كاتدا هەندێك لە ئەندامانی ئەو گرووپەیان راسپاردووە دزە بكەنە ناو خاكی چینەوەو نەخشە بۆ ئەنجامدان و جێبەجێ كردنی هێرشی تیرۆریستی دابنێن. رۆژنامەكە روونی كردووەتەوە كە كاربەدەستان تیرۆریستێكی تەمەن بیست و سێ ساڵییان بە ناوی مایمایتی ئیلی سەر بە بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی توركستانی ئیسلامی دەستگیر كردووە لە شەڕی سووریادا بەشداری كردووە. لای خۆیەوە دیلكسات راكسێت گوتەبێژ بە ناوی كۆنگرەی جیهانی یۆگۆر رایگەیاند كە ئەو راپۆرتەی ئەو رۆژنامەیە راست نییەو ئاماژەی بەوە كرد كە گەلی یۆگۆر لەچین ناتوانن بە ئاسانی پاسپۆرت دەربهێنن چۆن چۆنی دەتوانن بگەنە سووریا. لای خۆیەوە گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوی چین وەڵامی پرسیارێكی لەبارەی ئەو پرسەوە نەدایەوە.




