فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی بڕیاره‌كانی وه‌فده‌كه‌ی حسێن شه‌هرستانی له‌خورماتوو نابین

راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژنامه‌وانی فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر مه‌نده ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ئه‌ندام و وته‌بێژی ره‌سمی فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێم، له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌و وه‌فده‌ی سه‌ردانی قه‌زای دووز خورماتووی كرد له‌ڕۆژی 27/6/2013:
رۆژی 27/6/2013، وه‌فدێكی باڵای حكوومه‌تی فیدراڵی عیراق به سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز ( حسێن شه‌هرستانی ) سه‌ردانی قه‌زای ( دووز خورماتوو ) ی كرد كه جگه له‌نوێنه‌ری چه‌ند وه‌زاره‌تێكی مه‌ده‌نی حكوومه‌تی فیدراڵی عیراق، نوێنه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆی تێدا هه‌بوون كه پاش كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فده‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای ( دووز خورماتوو ) و نوێنه‌رانی برایانی خۆپیشانده‌ر له‌نه‌ته‌وه‌ی توركمان كه چه‌ند رۆژێك بوو رێگای سه‌ره‌كی ( كه‌ركوك - به‌غدا) یان داخستبوو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه نوێنه‌رانی برایانی عه‌ره‌ب و كورد‌و ئه‌ندامێكی وه‌فده‌كه‌ش هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌جێهێشت به‌هۆكاری وته‌كانی سه‌رۆكی وه‌فده‌كه‌و بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه كه(هێنانی هێزێكی نوێ له دیاله‌وه به‌ره‌و قه‌زای دووز خورماتوو بۆ پاراستنی ته‌نها گه‌ڕه‌كه‌كانی برایانی توركمان و دامه‌زراندنی فه‌وجێكی صه‌حوه دیسان هه‌ر ته‌نها بۆ برایانی توركمان و له‌پاشاندا دامه‌زراندنی فه‌وجێكی پۆلیسی ته‌واری له‌دانیشتووانی شاره‌كه به‌و مه‌رجه‌ی نیوه‌ی له‌برایانی توركمان بێت ) بوو، ئێمه‌ش لیره‌داو له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه راو هه‌ڵوێستی خۆمان دیاری ده‌كه‌ین له‌باره‌ی پێكهاته‌ی وه‌فده‌كه‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌یان و بڕیاره‌كانیان:
1-قه‌زای ( دووز خورماتوو ) یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ی كوردستانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و ناوچه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ره و به‌پێی رێكه‌وتنی كۆتایی ساڵی ( 2009 ) ئه‌و جۆره ناوچانه ده‌بێت به هاوبه‌شی له‌گشت رووه‌كانه‌وه له‌نێوان هه‌ردوو ئیداره‌ی هه‌رێمی كودرستان و حكوومه‌تی فیدراڵی عیراقه‌وه ئیداره بدرێت، به‌ڵام ئێمه نه‌نوێنه‌رمان هه‌بوو له‌و وه‌فده‌و نه‌ئاگاداری ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كان بووین و له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی هیچ له‌و بڕیارانه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه نابین.
2-تیرۆرستان له ئه‌نجامدانی كاری تیرۆرستی هیچ جیاوازییه‌ك ناكه‌ن له نێوان هاوڵاتیان له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌و ئاین و تایفه‌یه‌ك بن، به‌ڵام لێره‌دا سه‌یرمان پێدێت كه یه‌كێ له‌بڕیاره‌كانی وه‌فده‌كه هێنانی هێزی زیاتره بۆ ناو شاری (دووز خورماتوو) و ته‌نها بۆ پاراستنی گه‌ڕه‌كه‌كانی برایانی (توركمان) كه ئه‌مكاره جۆرێكه له‌جیاوازكاری له‌نێوان هاووڵاتیانی دانیشتووی قه‌زای (دووز خورماتوو)، چونكه پێكهاته‌ی دانیشتووانی ( قه‌زاكه ) تێكه‌ڵاوه له‌برایانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و كورد‌و توركمان و له‌بنه‌ڕه‌تدا هێنانی هێزی زیاتر بۆ ناو شاری ( دووز خورماتوو ) و له پارێزگایه‌كی تر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو ئاڵۆز تری ده‌كات.
3-دامه‌زراندنی فه‌وجێكی ( صه‌حوه ) ته‌نها بۆ برایانی توركمان كارێكی ناده‌ستوورییه، چونكه پێكهێنانی هه‌ر هێزێكی غه‌یره نیزامی و بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌و ئاین و تایفه‌یه‌ك كارێكه دژ به بڕگه‌ی (ب) ی یه‌كه‌می ماده‌ی 9ی ده‌ستووری ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عیراقه).
4-پێكهێنانی فه‌وجێكی پۆلیسی ته‌واری بۆ قه‌زای ( دووز خورماتوو ) كه نیوه‌ی له‌برایانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان بێت و نیوه‌كه‌ی تری له‌برایانی عه‌ره‌ب و كورد بێت، ئه‌م بڕٍیاره‌ش جیاوازكارییه‌كی ئاشكرایه له‌نێوان هاووڵاتیانی دانیشتووی قه‌زای (دووز خورماتوو) و كارێكه دژ به ( بڕگه‌ی ( أ ) ی یه‌كه‌می ماده‌ی 9ی ده‌ستووره ) كه به‌پێی ئه‌و بڕگه ده‌ستوورییه ده‌بێت هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به پێی رێژه‌ی له‌پێكهاته‌ی گشتیی دانیشتووانی قه‌زای ( دووز خورماتوو ) پشكی هه‌بێت له‌پێكهاته‌ی گشتیی ئه‌و فه‌وجه.
له‌كۆتایدا به‌ڕای ئێمه تاقه چاره‌سه‌ر بۆ هه‌ل و مه‌رجی ئێستاكه‌ی قه‌زای دووز جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی زیاتره بۆ دانیشتووانی قه‌زاكه‌و توندوتۆڵكردنی گیانی ته‌بایی و برایه‌تی له‌نێوان گشت پێكهاته جیاوازه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و تایفی قه‌زاكه‌و په‌یڕه‌وكردنی كاری هاوبه‌شه له‌نێوان یه‌كه ئیداری و سه‌ربازی و ئه‌منییه جیاوازه‌كانی شاره‌كه‌دا.
فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر مه‌نده
ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندام و وته‌بێژی ره‌سمی
فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێم
29/6/2013




