٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

روونكردنەوەیەك لە فراكسیۆنی كوردستانی

سەرچاوە: KDP.info

هاووڵاتیانی خۆشەویست ..... جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

لەبارەی بەڕێوەچونی كارنامەی پەرلەمانی كوردستان لە ڕۆژی 30 / 6 / 2013وە ڕوداوە نەخوازراوەكانی دانیشتنەكانی پەرلەمان، بەپێویستمان زانی لەدووتوێی ئەم خاڵانەی خوارەوەدا چەند ڕاستیەك ڕوون بكەینەوە :

1.پێشكەش كردنی هەردوو پڕۆژە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان و ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بەواژوی سەرۆك و جێگری سەرۆكی(9) فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش كراوە كە بریتین لە فراكسیۆنەكانی(كوردستانی، ئەنجومەنی گەلی سریان كلدان ئاشوری، رافیدەین،حزبی سوسیالست دیموكرات، عەدالەت و ئازادی،توركمانی هەولێر، سەربەخۆ،چاكسازی توركمانی،بزوتنەوەی دیموكراتی توركمانی )كە بەسەریەكەوە (75)ئەندام پەرلەمانیان هە یە، پرۆژەكانیش لە 25/6/2013 پێشكەش كران و وێنەیەكیان لێ گەیشتە دەستی میدیاكاران و گفتو گۆیەكی چڕی لەناو دام و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لێكەوتەوە،ئەنجام دانی ئاڵوگۆڕ لەناو هەرپڕۆژە یاساو بڕیارێكیش لەماوەی نێوان پێشكەش كردنی تا پەسند كردنی پرسێكی ئاسایی و یاساییە، بۆیە جەخت لەو ڕاستیە دەكەینەوە كە پڕۆژەكان پڕۆژەی (9) فراكسیۆنی پەرلەمانین كە بەرجەستەكەری ویست وشەرعیەتی (75) ئەندام پەرلەمانن و هەرلە پێشكەش كردنی پڕۆژەكەشدا ئەوە دەردەكەوێ كەزۆرینەی هەرەزۆری فراكسیۆن و ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ پێشكەشكردنی پڕۆژەكان بوون و پشتیوانیان كردووەو دەنگیان بۆداوە .

2.ئەگەرلەكاتی پێشكەش كردنی پڕۆژەكاندا و پاشان لەكاتی گفتوگۆو دەنگدان لەسەریان پشێوی و  نائارامی لەناو هۆڵی پەرلەماندا ڕوویدابێت ئەوا ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتیش فراكسیۆنی گۆڕان كە لەجیاتی وێناكردنی نموونەیەكی جوانی ئۆپۆزسۆن و كاری پەرلەمانی كە جەخت لە گفتوگۆ و پابەندبوون بە پەیڕەوی ناوخۆو ڕێكارە یاساییەكان دەكات، كەوتنە شكاندنی شاشەی نیشاندانی كۆبونەوەكان و تێكدانی سیستەمی ئەلكترۆنی قسەكردن و بوتڵی ئاو هاویشتن و هات و هاواری ناشارستانیانە و تەنانەت بەشێك لە ئەندام پەرلەمانەكانیان كەوتنە بەشینەوەی جوێن و قسەی سوك و سەرەنجام بەڕاستی داهێنانیان كرد لە هێنانی ئامرازی تێكدەرانەی كەش و هەوای كۆبونەوەكان لەڕێگای ئامادەكردن و هەوڵی هێنانە ژورەوەی (لەفەی فیكە) بەمەش چەندین بەڵگەی تازەیان خستەروو كە زیاتر ئەوڕاستیەمان بۆدەسەلمێنن كە سروشتی كاری ئەوان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی یەك ناگرێتەوە.

3.پێشكەش كردن و  پەسەندكردنی هەردوو پڕۆژە یاسا بەم مەبەستانەی خوارەوە بوووە:-

أ‌-    لەیاسایەی درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان تا 1/11/2013 جەخت لەوە كرایەوە كە دوای 20/8/2013 كەماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان تەواو دەبێت  و  فەراغی قانونی دروست دەبێت ئەم فەراغە پڕ بكرێتەوە تا لەبەڕێوەبردنی وڵات و  دەركردنی یاسا و  بڕیاری پێویست فەراغ دروست نەبێت و  تووشی پاشا گەردانی و  هەلو مەرجی نەخوازراو نەبین واتە مەبەست پڕكردنەوەی فەراغی یاسایی بووە لەلایەكی تریشەوە وەك لەیاساكەدا هاتووە دەبێـت لە 21/9/2013 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت واتا لەلایەكی ترەوە مەبەستێكی دی لە دەركردنی یاساكە جەخت كردنەوەیە لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان نەك دواخستنی.

ب‌-   لەیاسای درێژكردنەوەی ماوەی ولایەتی سەرۆكی هەرێمیشدا جەخت لەوەكراوەتەوە كە دەبێت پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان بەتەوافق هەموار بكرێتەوە و  پاشان بخرێتە ڕاپرسی، واتە بەمەبەستی پڕكردنەوەی فەراغی دەستووری دەرچوێنراوە، چونكە بەهۆی نەبوونی دەستورەوەیە كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان چەندین گیروگرفتی یاسایی و  سیاسی دروست بووەو بوونی دەستوورهەم دەبێـە مایەی چارەسەری ئەم گرفتانە و  هەم قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستیانیش كامڵ  و  بەهێزتر دەكات، لەلایەكی تروە مەبەستێكی تری یاساكە پڕكردنەوەی فەراغی یاساییە چونكە وەك لەماددەی 4ی بڕگەی 3ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە 1 ساڵی 2005 هەمواركراودا هاتووە دەبێـت سەرۆكی هەرێم فەرمانێك دەربكات بۆ بانگهێشتی پەرلەمان بۆ گرێدانی خولی تازە، ئەگەر سەرۆكی هەرێم ماوەی یاسایی تەواو بێت ئەی كێ داوا بكات و  چۆن داوا بكرێت كە پەرلەمانی تازە هەڵبژێردراو كۆببێتەوە؟

لەكۆتاییدا ئێمە وەك فراكسیۆنی كوردستانی جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێشكەش كردنی هەردوو پڕۆژە و  پاشان پەسەندكردنیان بەتەواوی بەمەبەستی پڕكردنەوەی فەراغی دەستووری  و  قانوونی بووە تا بتوانین لەئاییندەدا سەروەری دەستووری و  یاسایی زیاتر و  باشتر بچەسپێنین، دەشزانین ڕێگای چوون بەرە و  ئەو ئامانجە بەگوڵ نەچێنراوە  و  ڕووبەری كەند و  كۆسپ و  چقڵ و دڕكی جۆراوجۆر دەبینەوە بەڵام پشت ئەستوور بەئیرادەی گەلەكەمان، ڕەوتی ئەو كاروانەمان هەر بەردەوام دەبێت.

 

فراكسیۆنی كوردستانی

1/7/2013

 

هەواڵی پەیوەندیدار