زانکۆی ماردین راھێنان بە 500مامۆستای پسپۆری زمانی کوردی دەکات
ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە کۆپییەکی بۆ kdp.infoنێردراوە و تێدا ھاتووە، لە سەر داخوازی زانکۆی ماردینی وڵاتی تورکیا، د.عیسمت محەمەد خالد وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم، ئامادەی رێو رەسمی دەرچوونی 500مامۆستای زمانی کوردی بوو.
ئەم بەشداریکردنەی وەزیری پەروەردە لە دوای تەواوکردنی ئەو خولە یەک ساڵەیە بوو کە زانکۆی ناوبراو بۆ راھێنانی ژمارەیەک لە مامۆستایانی ھەڵگری بڕونامەی بەکالۆریۆس لە زمانی کوردیدا سازی کردبوو.
شایەنی باسە پێش ماوەیەک ڕێكکەوتننامەیەک لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیادا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ھاریکاری لە نێوان ھەردوولادا واژوو کرا بوو، یەکێک لەو لایەنانەش کە لە رێكکەوتنەکەدا ھاتبوو بواری پەروەردە و خوێندن بوو، ئەم ھەنگاوەش لە دوای ئەو کرانەوەیە دێت کە حکوومەتی تورکیا بەم دواییانە بڕیاری کردنەوەی کۆلیژی زمانی کوردی داو وەکو مافێک بۆ ئەو نەتەوانەی کە لەو وڵاتە دەژین و مسۆگەرکردنی خوێندن بە زمانی دایکیان.




