كتێب فرۆشێكی شاری بوكان لە لایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیر كرا

بوكان- KDP.info/ لە درێژەی گوشارەكانی هێزە ئەمنییەكانی ئێران بۆ سەر چالاكڤان و روشنبیرانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، رۆژی یەكشەممە لە شاری بوكان لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا هێزەكانی ئیتلاعات كتێب فرۆشێك بە ناوی رەحمان حوسێنزادەیان دەستگیر كرد.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی رۆژەڤی كورد بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی ئیتلاعات لە شاری بوكان بە بیانووی پرۆپاگەندە كردن بۆ پارتییەكی كوردی بەرهەڵەستكاری رژیمی ئێران، هەڵیان كوتاوەتە سەر كتێب فرۆشییەكی نێو شاری بوكان و خاوەنەكەی ئەم كتێب فرۆشییە ( رەحمان حوسێنزادە) یان دەستگیر كردووە.
سەرچاوەكە بڵاوی كردووەتەوە كە رەحمان حوسێنزادە دوای ئەوەی كە لە لایەن ئیتلاعاتەوە دەستگیر دەكرێت، بۆ ماوەی چەند خۆلەیەك دەبرێتە دادگا و دادگایش بەبێ هیچ جۆرە لێكۆڵینەوەیەك سزای شەش مانگ زیندانی كردنی بە سەردا دەسەپێنێت.




