بە هۆی هێرشی پۆلیسەوە لە دیاربەكر بە لانی كەمەوە 4 كەس بریندار بوون

دیاربەكر- KDP.info / رۆژییەك شەممە لە زۆربەی هەرە زۆری شارەكانی كوردستان و توركیا بە مەبەستی ئیدانە كردنی رووداوەكانی لیجە خۆپێشاندانی جەماوەری ساز كرا و لە چەندین شاریشدا لە نێوان خۆپێشاندەرەكان و پۆلیسدا شەڕ و پێكدادان رووی دا.
لەم بارەیەوە دوغان خەبەر ئاژانسی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە رۆژی یەكشەممە بە سەرپەرەشتی بەدەپە و كەجەدە لە شاری دیاربەكر خۆپێشاندانێكی جەماوەری بۆ پروتستو كردنی رووداوەكەی لیجە ساز كرا و خۆپێشاندەرەكان بە گوتنەوەی دروشمەی جیاجیا ئەو رووداوەیان شەرمەزار كرد.
لە سەرەتای خۆپێشاندانەكاندا پۆلیس خۆپێشاندەرەكانی ئاگادار كردەوە كە كۆتایی بە خۆپێشاندانەكان بهێنن، بەڵام خۆپێشاندەرەكان بە وتنەوەی دورشمە وەڵامی پۆلیسیان دایەوە و هەر بۆیە پۆلیسیش هێرشی كردە سەر خۆپێشاندەرەكان و بە هۆیەوە شەڕ و پێكدادان لە نێوان هەر دوو لادا رووی دا و بە لانی كەمەوە 4 هاووڵاتی بریندار بوون و ژمارەیەكی زۆریش دەستگیر كران.




