سوپای توركیا بەڵگەكانی سەر كۆمەڵكوژیەكەی دەرسیمی رادەستی پەرلەمان كردەوە

ئەنقەرە- KDP.info/ دوای ئەوەی پەرلەمانی توركیا بریاردا لە سەر كۆمەڵكۆژیەكەی ناوچەی دەرسیم دەست بە ڵێكۆڵینەوە بكات، سوپای توركیایش بە مەبەستی هاوكاری كردن هەر هەمووی بەڵگەنامەكانی سەر ئەم كۆمەڵكۆژییە رادەستی پەرلەمانی ئەو وڵاتە كردەوە.
لەم بارەیەوە سەرۆكی كۆمیتەی سكاڵاكانی پەرلەمانی توركیا محەمەد دانش لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی رایگەیاندووە كە دوای ئەوەی لە سەر داواكاری حكوومەتی توركیا بۆ لێكۆڵینەوە كردن لە سەر كۆمەڵكۆژیەكەی دەرسیم و قەبووڵ كردنی ئەم داواكارییە لە لایەن پەرلەمانەوە، كۆمیتەیەكی تایبەتی لە نێو پەرلەماندا بۆ ئەم مەبەستە دامەزرا.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە زۆربەی هەرە زۆری بەڵگەنامەكانی سەر ئەم كۆمەڵكۆژییە لە ئەرشیڤی سوپا توركیادا بوونە، بۆیە كۆمیتەی ناوبراو لە رێگای پەرلەمانەوە داوای لە سوپا كردووە كە ئەم بەڵگەنامانە رادەست بكاتەوە و لەم چوراچێوەیەیشدا سوپا تا ئێستا زیاتر لە 46 هەزار رووپەل بەڵگەنامەی سەبارەت بە كۆمەڵكۆژییەكە رادەستی پەرلەمان كردووەتەوە.




