خۆپێشاندان لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە سەری هەڵدایەوە

توركیا-KDP.info/خۆپیشاندان لە شارەكانی ئیستانبۆڵ و ئەنقەرەی توركیا سەری هەڵدایەوە . لەمبارەیەوە سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە دوێنێ هەزاران خۆپێشاندەر لە گۆڕەپانی تەقسیمی ئیستانبۆڵ خۆپیشاندانیان لە دژی حكومەتی ئەردۆغان كرد و داوای دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانیان دەكرد. هاوكات لەو شارەدا هێزە ئەمنیەكان بەبێ بەكار هێنانی گازی فرمێسكرێژ و ئاو بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران كرد و شەڕوپێكدادان و توندوتیژیش روی نەدا. بەڵام لە شاری ئەنقەرە هێزە ئەمنیەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەران گازی فرمێسكرێژ و ئاویان بەكارهێنا. جێگای ئاماژە بۆ كردنە لە بیست و هەشتی مانگی ئایاری رابردوو وەك نارەزاییەك بەرامبەر پلانێكی حكومەت بۆ دەستكاری كردنی پاركی گیزی لە گۆڕەپانی تەقسیمی ناوەڕاستی شاری ئیستانبۆڵ خۆپێشاندانی گەورە لە شارەكانی ئەو وڵاتە سەری هەڵداو زیانی گیانی و ماددی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.




