پرۆژە یاساكانی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم و خولی سێیەمی پەرلەمان پەسەندكرا

هەولێر – تایبەت بە KDP.info/ وادەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ تا وەكو رێكەوتی هەژدەی نۆی ساڵی دو هەزار و پازدە و هەروەها خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستانیش تاوەكو رێكەوتی 1/11/2013درێژكرایەوە. پەیامنێری KDP.infoرایگەیاند كە دوای ئەوەی دانیشتنی سەرلە بەیانی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی هێرشكردنە سەر سەكۆی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەلایەن عەبدوڵڵای مەلا نوری پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان و هەروەها روودانی شەڕ لە ناو هۆڵەكە دواخرا و لە دانیشتنی كاتژمێر چواری ئێوارەشدا جارێكی دیكە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكردەوە هاوكات لە دوای دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان دواجار ئەو پرۆژە یاسایە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا و دواتریش بەو هۆیەوە دووبارە لە نێوان هەندێك پەرلەمانتاری فراِكسیۆنی كوردستانی و ئۆپۆزسیۆن پشێوی لەناو هۆڵی پەرلەماندا روویدایەوە و پرۆژە یاسای درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی هەرێم و خولی سێیەمی پەرلەمان لە لایەن فراكسێۆنی كوردستانییەوە پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرا و سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستانیش دوای خوێندنەوە بۆی بە زۆرینەی دەنگ پەسەندی كرد. لە دوای دانیشتنەكەی ئێوارەی پەرلەمانی كوردستانیش تاریق جەوهەر بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند كە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگەی هێنانی خواردن هەوڵی هێنانی ئامێری فیكەلێدانیان بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان داوە و بەڵام لە پرسگەی پەرلەمانی كوردستان كۆنتڕۆڵ كراوە و هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەشدا چۆنیەتی هێنانی ئامێری فیكەلێدان ئاشكراكران و نیشانی دەزگاكانی راگەیاندن دران.




