پارێزگاری هەولێر چەند پرۆژەیەك لە بنەسڵاوە بەسەر دەكاتەوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچونی كار و پرۆژەكانی دەورووبەری شاری هەولێر نەوزاد هادی پاێزگاری هەولێر بە یاوەری تاهیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگار و ئیسماعیل محەمەد بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی پارێزگای هەولێر كارو پرۆژەكانی گەڕەكی گوڵانی بنەسڵاوەی بەسەر كردەوە.
لەو بەسەركرنەوەیەدا لە نزیكەوە ئاگاداری چۆنییەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی ئەو پرۆژانە بوو كە بەهەڵمەتێكی نائاسایی و لە كاتێكی پێوانەیی تەواوی خزمەتگوزارییەكانی ئەو گەڕەكە لەسەر بودجەی پارێزگا دابینكرا بەكۆی گشتی پتر لە حەوت ملیار دینار كە بریتی بووە لە تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی سندوقی و لولەیی و شەقامی سەرەكی و لاوەكی و تۆڕی كارەبا و قوتابخانەی بنەڕەتی و مزگەوت و بازاڕ.
پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە تەواوی پرۆژەكانیان لە تەواوبوون یاخود قۆناغەكانی كۆتاییدانەو بەم نزیكانە لە هەڵمەتێكی تایبەتدا تێكڕای شەقامەكانیش بە رووبەری زیاتر لە 55000 مەتری دووجا كە ئامادەكراون دەست بە قیرتاوكردنیان دەكرێت و بەمەش حزمەتگوزارییە پێویستییەكانیان قۆناغێكی زۆر باش دەچێتە پێشەوەو دەبێتە گەڕەكێكی شارستانی و پێشكەوتوو، وەك ئەوەی كە لەكاتی دابەشكردنی زەویەكان بەسەر ئەو كرێچییانە كە زیاتر لە 1600 سوودمەندبوونە بەڵێنمان پێدابوون.




