لە ئایندەیەکی نزیک گەشتیارانی وڵاتی کوێت روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ نادر رۆستایی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: بە ھاوکاری پارێزگاری ھەولێر شاندی کۆمپانیایەکی کوێتی بۆ ھێنانی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان ئەمرۆ شەمە لە دەستەی گەشتوگوزار لە لایان سەرۆکی دەستە مەولەوی جەبار پێشوازیان لێکرا و کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرێوەبەری دەستەی گەشتوگوزار و چەند کۆمپانیایەکی کوردستانی بۆ ھێنانی گەشتیاران سازکرا.
نادر رۆستایی گوتیشی: لە ئەنجامدا یاداشتی لە یەکتری تێگەیشتن بۆ ھێنانی گەشتیاران لە لایان کۆمپانیای نوری کوێتی بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی کاری بەبازاڕکردن (مارکێتینگ) بۆ ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان بە ھاووڵاتیان کوێتی لە لایەن بەرێوەبەرایەتی مارکێتینگی دەستەی گەشتوگوزار و کۆمپانیای نور واژۆ کرا.
شایانی ئاماژەیە شاندیکی رۆژنامەنووسانی کوێتی و بالیۆزی کوێت لە عێراق پێشترسەردانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاری ھەولێر و دەستەی گەشتوگوزاریان کردبوو.
جێگای پێزانینە کە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم لە ھەنگاوێکی گرنگدا فیزەی لەسەر گەشتیارانی کوێت و قەتەر و ئیمارات ھەڵگرت بەم جۆرە گەشتیاران دەتوانن راستەوخۆ بۆ فرۆکەخانەی ھەولێر گەشت بکەن کە ئەمەش ھاندەرێکە بۆ ھێنانی گەشتیاران بۆ کوردستان بە شێوەی راستەوخۆ.
بە پێی زانیاری کۆمپانیای ناوبراو سالانە زیاتر لە 5ملیار دۆلار گەشتیاری کوێتی لە گەشتەکانیان خەرج دەکەن و روو لە ولاتان دەکەن، بۆ ئایندەش ھەرێمی کوردستان یەکێک دەبێت لەو شوێنە گەشتیاریانەی گەشتیارانی کوێت رووی تیدەکەن.




