رێکخرەوەکانی كۆمەلگەی مەدنی: هەرچی زووە سنورێك بۆ ئالۆزییەكانی كوردستانی رۆژئاوا دابنێن

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بۆ/ گشت لایەنە سیاسیەكانی كوردستان
بانگەواز/ بۆ ئاشتی
بەڕێزان لای هەموومان ئاشكرایە، دوای ئالۆزبوونی رەوشی وڵاتی سوریا و دەستپێكردنی شۆڕش لەو وڵاتەدا، كێشە و ناكۆكیەكی توند كەوتووتە نێوان پارت و لایەنە كوردیەكانی رۆژ ئاوای كوردستان، وڵاتی سوریا بەگشتی و رۆژئاوای كوردستان بەتایبەت، لە قۆناغێكی هەستیاردا دەربازدەبێت و هەبوونی هەر جۆرە ناكۆكیەك زیان بە دۆزی رەوای كورد دەگەیەنێ لەو پارچەیەی كوردستان، بەداخەوە سەرهەڵدانی ئەم كێشانە لە كاتێكدایە، هێشتا مافە زەوتكراوەكانی كورد لە سوریادا بەدەست نەهاتوون و پێویستە كورد سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت، نەك بكەوێتە ململانێی یەكتر.
ئێمەی كورد لە رابردوودا ئەزموونێكی تاڵمان لەگەل شەڕی ناوخۆ ناكۆكی لایەنەكان نێوان لایەنەكان هەیە و بەهۆی شەڕی براكۆژی و ململانێی نێو پارتە سیاسیەكانەوە، میللەتەكەمان لەرابردوودا زیانی زۆر بەركەوتووە و دەستكەوتی مەزنی لە دەستداوە، بۆیە لێرەدا بەناوی ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵ"ەی مەدەنی لە كوردستان،دڵگرانین بە رووداوەكانی رۆژانی رابردووی رۆژئاوای كورستان و هەر جۆرە ئالۆزی و بەگژداچوونێك لەلایەن هەر لایەنێكەوە بێت شەرمەزاردەكەین و رشتنی خوێنی كورد بە دەستی كورد، جگە لەوەی خوێنی گەنجانی میللەتەكانە دەرژێ، دوژمنانی گەلەكەمان زەفەر بەو ناكۆكیانە دەبەن، بۆیە لێرەدا بانگەواز بۆ گشت لایەنەكان دەنێرین، هەرچی زووە سنورێك بۆ ئەو ئالۆزیانە دابنرێت و بەگیانێكی كوردایەتیانە، كار بۆ نەهێشتنی هەر رق و قینە بكەن و لایەنە ناكۆكەكان بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە.
بژی كورد
بژی كوردستان
ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كوردستان
28/6/2013 هەولێر




