لە توركیا هەڵبژاردنی پێشوەخت ناكرێت

ئەنقەرە- KDP.info / بە هۆی گەرمووگۆڕتر بوونی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی دەسەڵات وپارتەكانی بەرەی ئوپوزسیونی توركیا، باس لە پێویستی توركیا بە ساز كردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرێت و چەند پارت و لایەنێكی سیاسی بانگەشەی ئەوە دەكەن ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت نەكرێت بارودۆخی توركیا ئاڵۆزتر دەبێت.
لەمبارەیەوە رۆژی هەینی جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بەكر بۆزداغ لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی ئاخەبەری توركی رایگەیاند كە بارودۆخی توركیا زۆر ئاسایی و باشە و پێویستی توركیا بە هەڵبژاردنی پێشوەخت نییە.
بەكر بۆزداغ ئاماژەی بەوە كردووە كە دوای 8 مانگی دیكە هەڵبژاردنەكانی توركیا لە كاتی یاسایی خۆیاندا ساز دەكرن و حكوومەتی توركیایش دەتوانێت بە باشترین شێوە توركیا تا كاتی هەڵبژاردنەكان بەرێوە ببات بۆیە لەم بارودۆخەی ئێستەدا توركیا بە هیچ شێوەیەك پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەخت نییە.




