لە لیجە چوار هاووڵاتی كوژران و 10 هاووڵاتی دیكەیش بریندار بوون

دیاربەكر- KDP.info/ هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد، حكوومەتی توركیا دەستی بە هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ دروست كردنی قەرەقووڵ و بنكەی نوێ سەربازی لە ناوچە كوردییەكان و سنوورەكانی نێوان باشوور و باكووری كوردستان كردووە و گەلی كوردیش لە باكووری كوردستان رۆژانە بە چالاكی جۆراوجۆر لە دژی دروست كردنی قەرەقووڵ و بنكە سەربازییەكان دەوەستێتەوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەرلەری توركی بڵاویكردەوە كە لە چوارچێوەی خۆپێشاندان و چالاكییەكانی هاووڵاتییە كوردەكان بۆ شەرمەزار كردنی دامەزراندنی قەرەقووڵ و بنكەی سەربازی نوێ، ئیوارەی رۆژی هەینی لە ناوچەی لیجەی سەر بە شاری دیاربەكردا دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بۆ راگرتنی دامەزراندنی قەرەقووڵ و بنكەی سەربازی لە ناوچەكە دەستیان بە خۆپێشاندان كرد.
دوای ماوەیەك هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردە سەر خۆپێشاندەرەكان و بە هۆی ئەم هێرشەوە شەڕ و رووی دا و هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لە خۆپێشاندەرەكان كرد و بە لانی كەمەوە چوار هاووڵاتی كوژران و زیاتر لە 10 هاووڵاتی دیكەیش بریندار بوونە.




