حوسێن چەلیك: پرۆسەی كێشانەوە تا پایزی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت

ئەسەنبۆڵ- KDP.info/ دوای ئەوەی كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی خۆی لە گەڵ كۆمیتەی عەقڵمەنداندا باسی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكەی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە تا ئێستە پەكەكە رێژەیەكی زۆر كەمی هێزەكانی خۆی كێشاندۆتەوە، رۆژی هەینیش جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشە پێدان حوسێن چەلێك لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ كەناڵی ئاخەبەر رایگەیاند كە پەكەكە پابەندی بڕیارەكانی خۆیەتی، بەڵام پرۆسەكە زۆر بە سستی بەرێوەدەچێت.
حوسێن چەلیك ئاماژەی بەوە كردووە كە رووداوەكان و هێرشەكانی ئەم دوایە كە لە لایەن چەكدارەكانی پەكەكەیەوە لە هەندێ شوێن دەكرێنە سەر سوپا و شوێنە تایبەتییەكان دەسەلمێنن كە هێشتاكە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە چەكدارەكانی پەكەكە لە نێو سنورەكانی توركیادان و مەزەندە دەكرێت تا پایزی ئەمساڵ پرۆسەی كێشاندنەوە بەردەوام بێت.
جێگای ئاماژە پێكردنەوە كە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو سەرۆك وەزیری توركیا رایگەیاند بوو كە تا ئێستە لە سەدا 15ی چەكدارەكانی پەكەكە لە توركیا دەرچوونە و لە بەرامبەریشدا پەرلەمانتاری شاری شرناخی بەدەپە حەسیب قاپڵان رایگەیاند كە لە سەدا 60ی چەكدارەكانی پەكەكە لە نێو سنوورەكانی توركیادا كێشاونەتەوە.




