راگەیەنراوی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان - كنك
بروکسل – تایبەت بە KDP.info/ لە راگەیاندراوێکدا کە دانەیەکی دەست ماڵپەرەکەمان گەیشتووە کۆنگەی نەتەوەیی کوردستان کۆبوونەوەی تایبەتی خۆی کردووە و لە راگەیاندراوەکەیاندا باسی بەرنامە و کارەکانی خۆیان دەکەن. ئەمەش دەقی راگەیاندراوەکەیانە.
كۆنسەی ھەڵبژێردراوی نوێی بەڕێوەبەریی كنك لە كۆنگرەی گشتی [ كۆبوونەوەی 13 ] دا، كۆبوونەوەی یەكەمی خۆی لە بیرۆی كنك ئەنجامدا. لە كۆبوونەوەکەدا كۆمسیۆن و كۆمیتەكانی كۆنگرە دامەزران، پلانی كار و خەبات داڕێژران و بە بەرفراوانی بارودۆخی گشتی سیاسی تاووتوێ کرا.
1. پرسی كوردستان بە ھەموو قورسایی خۆیەوە ئیدی ھەڵكشاوەتە سەر رۆژەڤی ناوچەکەو جیھان. كوردستان بۆتە مەڵبەندی چارەسەری ئاشتی و ئارامی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. خەبات و تێكۆشانی كوردستانیان، پێكھێنانی ستاتۆی ھەرێمی فیدراڵیباشوور، بنیاتنانی ستاتۆی دیفاكتۆ لە رۆژاوا و، بە گشتی پۆزیسیۆنی كوردستانیانی دیموكراتیك، سۆسیال وسیکولار چاوی دونیای دیموكراتی بڕیوەتە سەر كوردستان.
لە ناو سیستەمی دواكەوتوو لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا، كوردستان شێوازو بنەمای دیموكراتیك بەڕیوەدەبات. كوردستان وەك وڵاتێكی پڕلە رەگەز وباوەڕی جیاوازەوە لەسەر بناغەی ئازادی، یەكسانی و دادپەروەری ھەنگاو بە ھەنگاو خۆی بنیاد دەنێ. كورد و بە گشتی كوردستانیان لەم پرۆسەیەی بونیادنانەدا ھەم لە ناوخۆیدا دیموكراسیبوون پێك دێنی، ھەم لە وڵات و دەوڵەتانی دەوروبەریشدا رێ لە بەردەم پێكھێنانی دیموكراسی خۆشدەكات. كوردستانیان هەوڵدەدەن خۆیان و ناوچەكەش دیموکراتیزە بکەن. ئەم پرۆسە پێشكەوتووە گەیشتۆتە قۆناغێكی وا کە ئیدی مەحاڵە پاشەکشە بکات. كوردستانیان دەرگایان بە ڕووی رزگاری و ئازادیدا كردۆتەوە و بەرەو پێشەوە ھەنگاودەنێن. ھەر كاتێك خەبات و تێكۆشان لە پێناو ئازادی دا بەرفراوان بێ، دەستكەوتەكانیش زێدە دەبن و بزاڤی باراستنیش بەرەو پێش دەڕوات.
گۆڕانکاری بەرجەستە لە جوگرافیای كوردستاندا ھەستیان پێ دەكرێ و دەبینرێن، ئەوە جێگای گەشبینی یە. ھەبوونی كوردستانی فیدڕال لە باشوور، بنیادنان و دامەزراندنی رۆژاوای كوردستان، گەشەکردنی تێكۆشانی نەتەوەیی و دیموكراسی لە باكوری كوردستان و ھەروەھا گەشەكردن و پێشكەوتنی بزاڤی نەتەوەیی لە رۆژھەڵاتی كوردستان، ھیواو ئومێد و باوەڕی كوردستانیان بە رزگاری و ئازادی خورتتر دەکا. لەم چوارچێوەیەدا رۆل و ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی كوردستانیەكان گەورەتر دەبن.
بۆ پاراستنی دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان، پێویستە كوردستانیان لەگەڵ یەكتردا لە ھەموو كاتێك زیاتر لە ناو پەیوەنی و گفتوگۆدا بن، ھاوكاری و ھەماھەنگی و پشتگیریكردن لە یەكتری لە ئاستێكی بەرزدا پەیڕەوبكەن.
پڕۆسەی چارەسەری لە باكور دەستی پێكردووەو لە سەر ھێڵێكی یەكجار ناسك بەرەوپێشەوە دەڕوا. بەگوێرەی ئەو پلانەی كە سەرۆكی پ ك ك بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ئامادەی كردووە و داویەتە ك.ج.ك ە و دەوڵەتی توركیا، لە قۆناغی یەكەمی دا لەلایەن ك.ج.ك ەوە جێبەجێ کراوە. گەریلاكانی (ھپگ) ھێزی پاراستنی گەل هەڵمەتی سەنگەرگواستنەوە بە سەركەوتوویی ئەنجام دەدەن. دوا بە دوای ئەو ھەنگاوە نۆرەی دەوڵەتی توركیا یە كە بە ئەركەكانی خۆی ھەڵسێ و جێگاو رێ و شوێن و ھەنگاوی بەرچاو بنێ بۆ سەكەوتنی پرۆسەكە.
*پێش ھەر شتێك ئەبێ بەپێی یاسا، ماكیاساو بابەتیانە لە ناو دەوڵەتدا پاكسازیەكی تەواو پێكبێت و داخوازیەكانی كوردستانیان بەبێ مەرج جێبەجێبكرێن.
*بۆ سەرکەوتنی پرۆسەكە و گەیشتن بە ئامانجی رێککەوتنەکە، لە سەرەتادا پێویستا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و ھەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بكرێن.
کوردستانیان لەم پڕۆسەی گفتوگۆیەدا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ئەرکی گەورەیان لەسەرشانە. سەرەتای ئەو ئەركانە یەكڕیزی نەتەوەییە. لەم پڕۆسەی چارەسەریەدا بەڕێز ئۆجەلان پێشنیاری بە ئەنجامگەیاندنی چوار كۆنفرانسی كردبوو، یەكەمیان لە ئەنكەرە پێكھات، دینامیكە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی كوردستان كۆبوونەوەو وێنەیەكی یەكگرتوویان پیشانی دەوڵەتی توركیا دا وهاوکاریەکی مەزنیان پێشكەش بە پرۆسەی چارەسەری كرد. لەو چوار ریزە كۆنفراسانەدا سێھەمین كۆنفرانس لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا لە 29 – 30 جۆزەردانی 2013 دا بەڕێوە دەچێ. كۆنفرانسی چوارەمیش پلانی بۆ داڕێژراوە و بڕیارە لە ھەولێر بە بەشداری ھەموو پێکهاتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان پێكبێت. كۆنفرانسی ھەولێر ھەم بۆ پشتیوانی پڕۆسەكەی باكور، ھەم بۆ پێكھێنانی رێككەوتنی ناوخۆیی رۆلێكی زیندووی دەبینێت، بۆیە پێویستەھەموو كوردستانیان قورسایی خۆیانی بخەنە سەر بۆ ئەوەی ئەو كۆنفرانسە ببێتە پلاتفۆرمێكی باڵای نەتەوەیی و نیشتیمانی كوردستان.
2. كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بە گرنگی دەبینێ كە ئەم داخوازی و راسپاردە و سەرنجانە بۆ ڕای گشتی ناوخۆیی، ناوچە و جیھان بخاتە روو:
1 - كوردستانیان لە رۆژاوای كوردستان رێبەرایەتی بەڕیوەبردنی وڵاتیان خستۆتە دەستی خۆیان و لە ناو بێ ئیمكانیەتی دا شەڕی مان و نەمان دەكەن. لە لایەك ھێرشەكانی ڕژێم، لە لایەكی تر شەڕ و دەستتێوەردانی دەوڵەتی توركیاو هاوپەیمانانی ژیانی خەڵكیان تەنگ و دژوار كردووە. پێویستە ھەموو كوردستانیان لە پێناو پاراستنی رۆژاوای كوردستان لە سەرپێ بن و ئەكتیڤانە دەست بە دروستكردنی كۆمپانیا و جۆری كۆمەك گەیاندن بۆ دابینکردنی پێداویستی بژێوی رۆژانەی خەڵكی لە رۆژاوا بکەن.
2- باشووری كوردستان پێویستە دەروازەكانی ھاتوچۆ و گەیاندن بە ڕوی رۆژاوا دا بە كراوەیی بھێڵێ و لە ھەموو لایەكەوە ھاوكاری رۆژاوا بكات.
3- پێویستە كوردستانیان بە یەكەوە پشتیوان بن كە دەستەی باڵای رۆژاوای كوردستان بە نوێنەرایەتیەكی بڵند بەشداری كۆبوونەوەو دیدارەكانی جنێڤ بكات.
4 - كوردستانیانی رۆژاوا پێویستە بچووك و گەورە ببن بە یەك و بە گیانێكی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەریانە خاكی خۆیان لە دژی نەیاران بپارێزن و دەست لەناودەست وڵات ئاوەدان بكەنەوە.
5 - جیھانی دیموكراسی و مرۆڤدۆست، دەبێ ھاوكارییەكی مەزنی رۆژاوای كوردستان و بە گشتی دۆزی كوردستان بكات تا ئاشتی و ئارامی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بیتە ئاراوە.
6 – رژێمی ئێران بەردەوامە لەسەر توندوتیژیەكانی و لە سێدارەدانی تێكۆشەرانی كوردستانی. پێویستە كۆتایی بەو رەفتارانە بێنێت. رژێمی ئێران لە پێناو ئارامی و ئاشتی ناوخۆیی دەبێ لەگەڵ كوردستانیان پێك بێت و مافە ڕەواكانیان قبوڵ بكات.
7 - كوردستانیانی رۆژھەڵات پێویستە لە ناوخۆیاندا یەکڕیزبن و تێكۆشان و خەباتیان لە سەر بنەمای رێککەوتنی ناوخۆیی باڵا بكەن بۆ ئەوەی بگەنە ئامانج.
8 – لە باشووری كوردستان ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی ھەرێم دەكرێ. ھیوادارین كە ئەو ھەڵبژاردنانە لە ناو كەش وھەوایەكی دیموكراسی و ئازادانە بە ئەنجام بگەیێنرێت و بە ھەر رەنگێك بێت ئەنجامەكانی هەڵبژاردن قەوارەی باشوور بپارێزرێت
3. كۆنسەی بەڕێوەبەریی كنك لە ناو خۆدا كار و ئەركەكانیان دابەشكرد و پلانڕێژی خەباتیان بەم شێوەیەی خوارەوە داڕشت:
. لە رۆژاوای كوردستان نوسینگەی كنك بكرێتەوە.
. نوسینگەكانی كنك لە روسیا، ئینگلستان و باشووری كوردستان سەرلەنوێ رێکبخرێنەوە و لەو وڵاتانەی كە ئەندامانی كنك ەیان لێ یە كۆمیتە دامەزرێنن.
. جێگرەكانی ھاوسەرۆكایەتی كنك، كۆمیسیۆنەكانی زمان و پەروەردە، كۆمیسیۆنی ژنان، كۆمیتەی ژینگە و كۆمیتەی راگەیاندن بەم شێوەیەی خوارەوە پێكھاتن:
- جێگرەكانی ھاوسەرۆكانی كنك: دڵشا ئوسمان - بەھزاد پیرموسا.
- سەرۆكی كۆنسەی كاروباری دەرەوە: سۆنگول کارابولوت.
- سەرۆكی كۆنسەی زمان و پەروەردە : رۆژان حازم.
- سەرۆكی كۆمیسیۆنی ژنان: رودی مەلەك.
- سەرۆكی كۆمیتەی راگەیاندن: بەھزاد پیرموسا
- سەرۆكی كۆمیتەی ژینگە: ھەندرێن ئەشرەف نوعمان.
كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی كۆنگرەی نەتەویی كوردستان - کنک
27 / 6- 2013 برۆكسل




