بە هۆی پاكێجی نوێ دادوەرییەوە نوورەدین دەمیرتاش كەوەتە بەر لێبووردنەوە

دیاربەكر- KDP.info/ لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیادا، حكوومەتی توركیا بە هاوكاری پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستیان بە ئامادەكردن و پەسەندكردنی چەندین پرۆژە یاسای جۆاروجۆر كردووە، كە یەكێك لەم پرۆژە یاسایانە تایبەتە بە یاسای دژە تیرۆر و یاسای دادوەری لە توركیا.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردۆتەوە كە لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی حكوومەتی توركیادا بۆ دیموكراتیزە كردنی توركیا، پاكێجێكی بە ناوی پاكێجی هەمواركردنەوەی یاسای دادگایی كردن و یاسای دژە تیرۆری ئامادە كردووە و رۆژی پێنجشەممە ئەم پرۆژە یاسایەیش لە لایەن پەرلەمانی توركیاوە پەسەند كرا.
سەرچاوەكە ئاشكرای كردووە كە دوای پەسەندكردنی ئەم پرۆژە یاسایە لە لایەن پەرلەمانەوە، دادگای توركیا وەكو یەكەمین هەنگاو ئەو دۆزی كە لە سەر سەرۆكی پێشووی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (دەتەپە) نوورەدین دەمیرتاشدا تۆمار كرابوو رەتكردەوە و بەمجۆرە نوورەدین دەمیرتاشیش كەوتە بەر لێبووردنەوە.
جێگای ئاماژە پێكردنە نوورەدین دەمیرتاش برای هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاشە و لە ساڵی 2007دا بە هۆی پێشكەش كردنی گوتارێك لە ژێر وێنەیەكی عەبدوڵلا ئوجەلاندا بە تاوانی ئەندام بوون لە نێو پەكەكەدا دەستگیر كرا و دواتر رەوانەی سەربازی كرا، بەڵام تا رۆژی پێنجشەممە سكاڵاكەی لە بەردەست دادگای سزای گرانی دیاربەكردا بوو.




