مالیکی داوا لە ئەمریکا دەکات ئیکسۆن مۆبیل لە کوردستان بکشێنێتەوە

نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نامەیەکدا داوای لە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا کردووە کارەکانی ئیکسۆن مۆبیل لە گەڕان و دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا رابگرێت.
مالیکی لە نامەکەیدا گرێبەستەکانی ئیکسۆن مۆبیل لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری عیراق ناودەبات.
یاریدەدەرێکی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "مالیکی نامەیەکی بۆ سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و تێیدا داوای لە ئۆباما کردووە دەستێوەردان بکات". ئەو نامەیەش دوای ئەوە دێ کە هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی نەوتی دەرهێنراو بۆ پێنج ئەوەندەی ئێستا، گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت مۆردەکات.
ئاشتی هەورامی وەزیری سەرچاوە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی وزە لە لەندەن ڕایگەیاند " پێشبینی دەکەین لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا چەند کۆمپانیایەکی تری بەهەمهێنانی نەوت بێن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن."
تورکیاش ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوردەکردنی ڕاستەوخۆی نەوت لە هەرێمی کوردستان و تەحەددای حکومەتی ناوەندی بەغدا دەکەن کە ماوەیەکی دوورو درێژە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی هەیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناردنی نەوت.
گرێبەستی ئیکسۆن مۆبیل لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوو بووە هۆی تووڕەکردنی حکومەتی عیراقی، ئەمەش وای لە حکومەتی بەغدا کردووە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی لەقەڵەم بدات.
عەلی موسەوی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی مالیکی ڕایگەیاند "سەرۆک وەزیران نووری مالیکی لەم مانگە نامەیەکی بۆ ئۆباما ناردووە، تیایدا دەرەنجامەکانی ئەو گرێبەستانە و کاریگەری نێگەتیڤانەی لەسەر ئارامی ڕەوشی عیراق ڕوون کردووەتەوە."
لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق لە مانگی کانوونی دووەم، کێشەکان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی پەرەی سەند. مانگی نیسان وەزیری نەوتی عیراق ڕایگەیاند ئیکسۆن مۆبیل نامەیەکی بۆ حکومەتی عیراق ناردووە تێیدا راگرتنی کارەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە.
بەڵام موسەوی دەڵێت "سەرەڕای نامەکەی ئیکسۆن مۆبیل سەبارەت بە ڕاگرتنی کارەکانی لەگەڵ حکومەتی کوردستان، ئێمە تا ئێستا زانیاریمان بۆ دێت کە ئیکسۆن مۆبیل لە کارکردنی لەسەر نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە."
ئەو ڕاوێژکارەی مالیکی گوتیشی "مەبەست لە ناردنی ئەم نامەیە بۆ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایە. ئیدارەی ئەمریکا پێویستە دەست تێوەردان بکات."
و: بەختیار گۆران - سایتی رووداو




