٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەحمەد تورك: كۆمیتەیەكی نوێ بۆ نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی كورد دادەمەزرێنن

سەرچاوە: KDP.info

دیاربەكر- KDP.info   /دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكەی رۆژی چوارشەممەی پارت و لایەنە سیاسییەكانی باكووری كوردستان لە شاری دیاربەكر، هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك ئەحمەد تورك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆكی ئەو كۆبوونەوەیەی ئاشكرا كرد.

لەمبارەیەوە دوغان خەبەر ئاژانسی توركی بڵاویكردۆتەوە كە هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك ( كەجەدە) ئەحمەد تورك دوای كۆبوونەوەكە رایگەیاندووە كە لە چوارچێوەی هەوڵدانەكانی پارت و لایەنە سیاسییە كوردییەكاندا بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی كۆنفرانسی چارەسەری و یەكێتی باكووری كوردستاندا، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دیاربەكردا بڕیار دراوە كە كۆمیتەیەكی نوێ لە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییە كوردییەكان كە بتوانێت نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات دابمەزرێت.

ئەحمەد تورك ئاماژەی بەوە كردووە كە هەر چەند تا ئێستە ناوێك بۆ ئەم كۆمیتەیە دەستنیشان نەكراوە، بەڵام ئەم كۆمیتەیە دەتوانێت لە چوارچێوەی پێكهاتەیەكی نوێ، كۆمسیونێكی نوێ یا خۆ مەجلێسێكدا لە سەر ئاستی ناوچەكە و جیهاندا دەست بە نوێنەرایەتی گەلی كورد بكات و لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییە كوردییەكاندا ببێتە پردی دیالوگ و دانوستاندن.

ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەم پێكهاتە نوێیە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی هەر هەمووی پارت و لایەنە سیاسییە كوردییەكان و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردی دەبێت و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی كورد لە سەرەوەی بەرەژوەندییە حزبییەكان دەبینێت و كار بۆ جێبەجێ كردنی داواكارییە نەتەوەییەكان و پاراستنی بەرەژوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی كورد دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار