٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی وەزیران لە پێداویستییەكانی دهۆك دەكۆڵێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2013، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە تەلاری پارێزگای دهۆك ساز كرا.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە پارێزگاری دهۆكیش ئامادەی بوو، سەرۆك وەزیران ڕوونی كردەوە ئەم كۆبوونەوەیە لە پارێزگای دهۆك وەك پێشتر بڕیاری لێ درا بوو، بۆ ئەوەیە لە نزیكەوە گوێبیستی كێشە و گرفت و پێداویستییەكانی پارێزگای دهۆك بین و میكانیزمی چارەسەركردنیان دابنێین.

بڕگەی یەكەمی بەرنامەی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە گفتوگۆكردن و بڕیاردان لەسەر بابەتی خەمڵاندنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عیراقی فیدرال لەبەر ڕۆشنایی یاسای دیاریكردن و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە داهاتە فیدرالییەكان؛ ژمارە پێنجی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە لە لایەن وەزیری سامانە سروشتییەكانەوە خرایە ڕوو.

لەمبارەیەوە و بە مەبەستی جێبەجێكردنی ئەو ماددە یاساییە‌ی پەرلەمانی كوردستان، بە شێوەیەكی فەرمی خەمڵاندنی وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ شایستە داراییەكان خرایە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران. بەم شێوەیەش ئەنجوومەنی وەزیران ئەو ماددە یاساییەی پەرلەمانی كوردستانی جێبەجێ كرد و لیژنەیەكی وەزاری لە وەزیرە پەیوەندارەكان پێك هێنا، بۆ تەواوكردنی ڕێكاری یاسایی بۆ بەدەستهێنانی مافە داراییەكان لەبەر ڕۆشنایی ماددە و بڕگەكانی یاسای ئاماژەپێكراو.

دوای ئەوە پارێزگاری دهۆك ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی تایبەت بە كێشە و گرفت و پێداویستییەكانی سنووری پارێزگاكە لە ڕووی خزمەتگوزاری و كارگێڕییەوە پێشكەش كرد، بە تایبەتیش لە بوارەكانی بودجە و دابەزاندنی دەسەڵاتەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی زەوی و زاردا و چەندین داواكاری بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و خزمەتگوزاریی زیاتر و فراوانكردنی پرۆسەی وەبەرهێنان لە بوارە جیاكاندا، بە تایبەتیش گەشتیاری لە پارێزگا و سنووری قەزا و ناحییەكانی سەر بە پارێزگای دهۆك؛ خستە ڕوو.

دەربارەی كێشەی زەوی و زار، سەرۆك وەزیران بڕیاری دا كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەم كێشەیە بكرێت و میكانیزمێكی تازەی تایبەت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە ئامادە بكرێت، بە تایبەتیش كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان؛ بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ماوەیەكی‌ كەمدا چارەسەر بكرێت و هەموو كێشەكانی زەوی و زار یەكلایی بكرێنەوە، چونكە بە پێی ئەو میكانیزمەی ئێستا كاری پێدەكرێت، ماوەیەكی دوور و درێژی دەوێت تا هەموو كەیسەكانی ئەم كێشەیە چارەسەر دەكرێن، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری كشتوكاڵ بە ڕاپۆرتێك پێشنیاری پێویست پێشكەش بە كۆبوونەوەكە بكات. سەرۆك وەزیران هەروەها داوای كرد بۆ كێشە هاوشێوەكان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەماهەنگی لە نێوانپارێزگاكاندا هەبێت و پێشنیاری چارەسەری هاوبەش پێشكەش بكەن.

سەرۆك وەزیران جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ڕۆتین و دواكەوتنی كاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان لە فەرمانگەكانی حكوومەت، كەشێكی نالەبار دروست دەكات و بێزاری و دڵگرانیی هاووڵاتیانی لێ دەكەوێتەوە، بۆیە دەبێ هەموو دەزگا و فەرمانگەكانی حكوومەت ئەوپەڕی گرنگی بە بچووكترین كاروباری هاووڵاتیان بدەن و هەموو هاوكارییەك پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی كارەكان بە خێرایی و كەمترین ڕۆتین بەڕێوە بچن. هەروەها ڕوونی كردەوە كە ئەولەویەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە چاككردنی سیستەمی كارگێڕی و دەبێ هەموو شتە بچووك و كێشە بچووكەكان ببینین و بەرنامە و میكانیزمی چارەسەركردنیان بۆ دابنێین.

لای خۆیەوە عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیران داكۆكی لەسەر شۆڕكردنەوە و دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ بەڕێوەچوونی باشتری كارەكان و نەهێشتنی ڕۆتین و پەیڕەوكردنی سیستەمی پەرەپێدانی هەرێمەكان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا كردەوە، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی پارێزگاكان بكرێت و لە مەسەلەی دیاریكردنی بودجەی پارێزگاكاندا؛ تایبەتمەندیی پارێزگاكان و ڕاوبۆچوونی پارێزگاریش لەوبارەیەوە لەبەرچاو بگیرێت.

جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوە دا كە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە سلێمانی و دهۆك، دیارە كێشەی هاوبەش هەیە و دوای ئەوەی‌ كۆبوونەویەكی هاوشێوەی ئەم كۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران لە پارێزگای هەولێریش ساز دەكرێت، كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر كێشە هاوبەشەكان ساز بكرێت و بڕیار لە میكانیزمی چارەسەركردنیان بدرێت.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا لیژنەیەك دابمەزرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی حكوومەت لە پارێزگاكان، كێشە هاوبەشەكانی پارێزگاكان دەستنیشان بكرێن و پێشنیاری چارەسەركردنیان ڕیكبخرێت؛ تا لە ماوەیەكی دیاریكراودا چارەسەر بكرێن، كێشە هەنووكەییەكانیش لە ماوەی دوو مانگدا چارەسەر بكرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار