بۆ یه‌كه‌مجار پزیشكێكى ددان له هه‌رێمی كوردستان بڕوانامه‌یه‌كى له ژاپۆن پێده‌به‌خشرێت

له تۆكیۆى پایته‌ختی وڵاتى ژاپۆن كۆنفرانسى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاره‌سه‌ركردنى ڕه‌گى ددان به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌م كۆنفرانسه سێ سال جارێك ده‌به‌سترێت و تیایدا نوێترین توێژینه‌وه و دۆزینه‌وه زانستییه‌كانى ئه‌م بواره پێشكه‌ش ده‌كرێت.
ئه‌مساڵیش زیاتر له پێنج هه‌زار پزیشكى پسپۆڕى ددان له زۆربه‌ى وڵاتانى جیهان به‌شداریان تێدا كرد، له كوردستانیش نۆژداری لاو "دكتۆر دیار خالید به‌كر"، كه پزیشكى پسپۆڕى ددانه و مامۆستاى زانكۆیه له كۆلێژى پزیشكى ددان- زانكۆى هه‌ولێرى پزیشكى و قوتابى دكتۆرایه، توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستی ڕه‌سه‌نى پێشكه‌ش كرد كه به‌شێكه له تێزی دكتۆراكه‌ى و بووه جێگه‌ى ڕه‌زامه‌ندى و سه‌رسوڕمانى به‌شداربووانى كۆنفرانسه‌كه‌و بڕوانامه‌ى پێبه‌خشرا.
دكتۆر دیار به‌ر له پێشكه‌شكردنى توێژینه‌وه‌كه‌ى باسی كوردستان و هه‌ولێرى پایته‌خت و ره‌وشی ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنى هه‌رێمی كوردستانی له هه‌موو ڕووێكه‌وه كرد، شایانی باسه كۆنفرانسى داهاتوو له ساڵى 2016 له باشوورى ئه‌فریقا ده‌به‌سترێت




