بۆ عەلەوییەكان كۆتایی بە تەمەنی سیاسی كەمال قڵێجدار ئوغڵۆ هاتووە

ئەستەنبۆل- KDP.info/ سەرۆكی وەقفی ئەهلی بەیتی جیهان فەرمانی ئاڵتۆن باسی مەسەلەی بەجێ كردنی عەلەویتی لە نێو كتێبەكانی قۆتابخانەدا و بە مووزە كردنی هۆتێلی مادیماكێ رایگەیاند كە پێویستە حكوومەتی توركیا سەبارەت بە جەم خانەكان ( شوێنی عیبادەتی عەلەوییەكان) هەنگاوی ئەرێنی بنێت.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆكی وەقفی ئەهلی بەیتی جیهانی فەرمانی ئاڵتۆن رایگەیاندووە كە ئەگەر كێشەی جەم خانەكان چارەسەر نەكرێت بەجیچ كردنی ئاینی عەلەویتی لە نێو كێتێبەكانی قۆتابخانەكاندا هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات.
فەرمانی ئاڵتۆن جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەگەر دەوڵەت دەیەوێ كێشەی عەلەوییەكان چارەسەر بكات با سەرەتا دەست بە چارەسەر كردنی كێشەی جەم خانەكان بكات چوونكە چارەسەر كردنی كێشەی جەم خانەكان بە واتای چارەسەر كردنی هەر هەمووی كێشەكانی عەلەوییەكانە.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا گوتوویەتی: پارتی داد و گەشە پێدان دەتوانێت كێشەی عەلەوییەكان چارەسەر بكات بەڵام پارتی كۆماری گەل توانای چارەسەر كردنی كێشەكانی نییە هەر بۆیە بۆ عەلەوییەكان كۆتایی بە تەمەنی سیاسی سەرۆكی پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) كەمال قڵێجدار ئوغڵۆ هاتووە.




